کوردستان24 چیرۆکی دووکاندارێکی بازاڕی لەنگەی هەولێر دەگێڕێتەوە

kurdistan24.net

K24 – هەولێر:

لەپاڵ تیمەکانی بەرگری شارستانی و تیمە هاوبەشەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەی بازاڕی لەنگەی هەولێر، دووکاندارێک بەناوی "دانا حوسێن"وەکو پاڵەوانێك بووەتە هۆکاری رزگارکردنی ژمارەیەکی زۆری دووکانەکانی لەنگە و بە فریادڕەسەکەی بازاڕەكە ناوی دەبەن.

دانا حوسێن، دووکاندار، بە کوردستان24ـی راگەیاند، یەکێک بووم لە زەرەرمەندکانی بازاڕی لەنگەی هەولێر کە نزیکەی 200 هەزار دۆلارم فەوتا، بەڵام یەکێک بووم لەو کەسانەی کە نەمهێشت زۆرینەی دووکانەکانی بازاڕی لەنگە بسووتێت، بەهۆی دووکانەکەی منەوە تیمەکانی ئاگرکووژێنەوە توانییان کۆنترۆڵی ئاگرەکەی لەنگە بکەن.

دوای تەواوبوون لە پاککردنەوە دەست بە شوشتن و چاکردنەوەی دووکانەکان دەکرێت،کاسبکاران چاویان لەوەیە بەزووترین کات بگەڕێنەوە ناو بازاڕەکە بۆئەوەی دەست بە کار و کاسبییان بکەنەوە.

شەوی سێشەممە (27ـی شوباتی 2024) نزیکی کاتژمێر 20 ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر کەوتەوە، کە بەهۆیەوە نزیکەی 166 دووکان سووتان و تاوەکو ئێستاش هۆکاری ئاگرەکەوتنەوەکە دیارنییە، لەگەڵ دەسپێکی ئاگرکەوتنەوەکەش تیمەکانی بەرگری شارستانی بەخێرایی گەشتنە شوێنی رووداوەکە و لە هەوڵەکانیان بەردەوام بوون تا ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کرد.