سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌گه‌ڵ دۆن بەیکن و ئێلیسا سلۆتکین كۆبووه‌وه‌

K24 – هەولێر:

هاوسەرۆکی کۆمەڵەی پشتیوانی کورد لە کۆنگرێسی ئەمه‌ریکا رایدەگەیێنێت، هەرێمی کوردستان چرای ئومێد و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا.

دۆن بەیکن، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی پشتیوانی کورد لە کۆنگرێسی ئەمه‌ریکا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، تویتەری پێشوو رایدەگەیێنێت، مایەی شانازییە پێشوازیم لە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی لە ئەنجوومەنی نوێنەران کرد.

هاوسەرۆکی کۆمەڵەی پشتیوانی کورد لە کۆنگرێسی ئەمریکا دەشڵێت، کوردستان چرای ئومێدی هیوا و سەقامگیرییە.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، پێشنیازەکەی بۆ پێدانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بە هێزی پێشمەرگە پابەندی کۆنگرێس بۆ گەلی کورد لە بەرگریکردن لە خۆیان لە دژی هێرشی میلیشیاکانی سەر بە ئێران پیشان دەدات.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمریکا سوپاسی سەرۆکوەزیران دەکات بۆ پشتیوانیکردنی پێکهاتەکان لە کوردستان.

ئێلیسا سلۆتکین، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی، پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، تویتەری پێشوو بڵاوکردەوە و رایگەیاند، گفتوگۆیان دەربارەی دۆخی هەنووکەیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر کرد.

راشیگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین ساڵ لە نزیکەوە لەگەڵ ئەمریکا بۆ پشتیوانیکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە کاریکردووە.

ئەو ئەندامەی کۆنگرێسی ئەمریکا لە کۆبوونەوەکەدا، سوپاسی سەرۆکوەزیرانی کرد بۆ پشتیوانیکردنی کریستیان و ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکە.

کۆبوونەوەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا، دەروازەیەک بۆ تاوتوێکردن و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە.

وەک چۆن پرسی مووچە و شایستەداراییەکانی خەڵکی کوردستان، تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکانی سەرۆکوەزیران مەسرو بارزانی بوو لە ئەمەریکا، بەهەمان شێوەش پاراستنی مافی پێکهاتەکان و بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی لە دژی پێکهاتەکان تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکان بوو.

لە کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، جەخت لە پاراستنی مافی پێکهاتەکان کرایەوە و سەرۆکوەزیران و بلینکن هاوڕابوون لەسەر ئەوەی بڕیاڕەکانی دادگای فیدراڵی و هەنگاوەکانی دژی هەرێم و سیستمی فیدراڵی لە عێراق، مایەی نیگەرانین و پێویستە رێز لە قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان و سیستمی فیدراڵی و بنەما دیموکراتییەکان لە عێراق بگیرێت.