کەمترین دەنگدەر بەشداریان لە هەڵبژاردنی گشتی ئێران کردووە

K24 - هەولێر

رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی گشتی ئەنجومەنی شورای کۆماری ئیسلامی ئێران (پەرلەمان) نزیکەی %41 بووە، بەم شێوەیەش لە دوای شۆڕشی ساڵی 1979ـی کۆماری ئیسلامی ئێران بە کەمترین رێژەی بەشداریکردن دادەنرێت.

 ئاژانسی هەواڵی فەڕمی 'ئیرنا' لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، "60 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنی گشتیدا هەبووە، بەڵام رێژەی بەشداری کردن نزیکەی %41 بووە، کە ئەەمش بەکەمترین رێژەی بەشداریکردن دادەنرێت لە دوای شۆڕشی ئێرانی ساڵی 1979".

 لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی 'فارس'ـی سەر بە سوپای پاسداران، لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن زیاتر 0%4 بووە.

 رۆژی هەینی، دەنگدەرانی ئێران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێ چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگیان دا، لەکاتێکدا کە بەهۆی کێشەی ژیان و ئابووری و قەتیس کردنی ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا، بێزاری لە نێوان هاووڵاتیاندا لە زیادبووندایە.

لە هەڵبژاردنەکە زیاتر لە 15 هەزار کاندید کێبڕکێیان کرد بۆ بەدەستهێنانی 290 کورسی پەرلەمان.

بەگوێرەی میدیاکانی ئەو وڵاتە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا وەزارەتی ناوخۆ رێژەی بەشداریی فەرمی رادەگەیەنێت، ئەگەر ئەم رێژەیە بە فەرمی پشتڕاست بکرێتەوە، کەمترین رێژە دەبێت لە دوای شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران لە ساڵی 1979.

ماڵپەڕی 'خەبەر ئۆنڵاین' ئاماژەی بەوەداوە، "لیستی قالیباف کە لیستی سەرۆکی پێشووی پەرلەمانە، لە هەڵبژاردنی پێشوو یەک ملیۆن دەنگی هێنابوو، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەم جارە دەنگەکانی گەیشتووەتە 200 هەزار دەنگ"، ئەمەش بە شکستێکی گەورە و قورس دادەنرێت بۆ لیستی قالیباف.

مدیاکانی ئێران دەڵێن، بەگوێرەی جیاکردنەوەی سەدا 70ـی دەنگەکان، کاندیدی لیستی "سوبحی ئێران" مەحموود نبویان لە پلەی یەکەم دێت کە 340 هەزار دەنگی هێناوە، هەروەها لە پلەی دووەم، حەمید رەسائی دێت کە 280 هەزار دەنگی هێناوە، ئەمیر حوسێن سابتی بە 270 هەزار دەنگ پلەی سێیەمی گرتووە.

رۆژیهەینی (1ی ئایاری 2024) هەڵبژاردنی 13یەمین خولی ئەنجومەنی شورای کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەچوو، کە زیاتر لە 61 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی ئێران دوێنێ 41% لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەشداری دەنگدان و هەڵبژاردن بوون، پشیبینیش دەکرێت پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەتی نوێی ئەو وڵاتە بکەوێتە دوای جەژنی نەورۆز، کە هاوکاتە لەگەڵ سەری ساڵی نوێی ئەو وڵاتە، ساڵانەش لەگەڵ نوێ بوونەوەی ساڵ بەرهەم و کەلوپەلە خۆراکیی و پێویستییەکانی دیکە نرخیان بە گشتی بەرز دەبێتەوە.