بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتالیا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا پێشوازی لە راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان
باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان

K24 – هەولێر:

کونسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر پەیامێکی لەبارەی دیاریکردنی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە: هەڵبژاردن زۆر گرنگە بۆ دەربڕینی دەنگی خەڵکی هەرێمی کوردستان، هەروەها هەریەکە لە نوێنەرایەتی دیپلۆماسی فەرەنسا، ئیتالیا، ئەڵمانیا و هۆڵەنداش پێشوازییان لە راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد.

رۆژی یەکشەممە (3ـی ئاداری 2024) کونسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر رایگەیاند، پێشوازی لە راگەیاندنەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ دیاریکردنی رۆژی (10ـی حوزەیرانی 2024) بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

کونسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا ئاماژەی بەوەشکردووە: هەڵبژاردن زۆر گرنگە بۆ دەربڕینی دەنگی خەڵکی هەرێمی کوردستان و داهاتووی هەرێمەکە.

هاوکات هەریەکە لە نوێنەرایەتی دیپلۆماسی وڵاتانی فەرەنسا، ئیتالیا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان پێشوازییان کرد لە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پشتیوانی خۆیان بۆ سەرکەوتنی بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسەیە دووپاتکردەوە.

لە پەیامەکەی کونسوڵخانەی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێردا هاتووە: "پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەمڕۆی نێچیرڤان بارزانی دەکەین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لە 10ی حوزەیرانی 2024. هەڵبژاردنی دادپەروەرانە و ئازاد توخمێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی سەقامگیریی دیموکراسیی هەرێمی کوردستان و شەرعیەتی سیستەمە سیاسییەکەی"

هەروەها کونسڵخانەی گشتیی ئەمەریکا لە پەیامێکدا رایگەیاندووە، پێشوازی لە بڕیاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دیاریکردنی رۆژی 10ـی حوزەیران بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین و تێیدا هاتووە: "پشتیوانی لە هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە دەکەین، کە بۆ دیموکراسییەکی تەندروست و داهاتووی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە".

رۆژی یەکشەممە (3ـی ئاداری 2024) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسومێکدا، وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد کە رۆژی (10ـی حوزەیرانی 2024) بەڕێوەدەچێت.

لەوبارەیەوە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەبوەکردووە، به‌پێى فه‌رمانه‌كه‌ هه‌موو لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان پابه‌ند ده‌بن به‌ ئه‌نجامدانى كارى پێويست بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ كۆمیسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بۆ جێبه‌جێكردنى فەرمانەکە،‌ کە لە رۆژى ده‌رچوونييه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت.

رۆژی (21ـی شوباتی 2024) دادگای فیدراڵی، دوای 11 جار دواخستنی دانیشتنەکانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاریدا کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەرکی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە جێگەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بگرێتە ئەستۆ.

هەروەها دادگای فیدراڵی بڕیاریداوە بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسی کۆتاکان کە 11 کورسین هەڵوەشاندەوە، بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم دەکرێنەوە.

زیاتر بخوێنەوە: ناوەڕاستی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت