ناوەڕاستی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان - گرافیک: کوردستان24
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان - گرافیک: کوردستان24

K24 – هەولێر:

دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاریدا و وەڵامی سکاڵاکانی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دایەوە، بەگوێرەی ناوەڕۆکی دوایین کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا، هەڵبژاردنەکە بەڕێوەدەچێت.

رۆژی (20ـی شوباتی 2024) عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەوە کۆمیسیۆن پێویستی بە چوار مانگ هەیە بۆ ئامادەکارییەکانی خۆی تەواو بکات بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکە.

رۆژی (21ـی شوباتی 2024) دادگای فیدراڵی، دوای 11 جار دواخستنی دانیشتنەکانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاریدا کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەرکی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە جێگەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بگرێتە ئەستۆ.

هەروەها دادگای فیدراڵی بڕیاریداوە بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسی کۆتاکان کە 11 کورسین هەڵوەشاندەوە، بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم دەکرێنەوە.

چ وادەیەک گونجاوە بۆ هەڵبژاردن؟

لەسەر بنەمای راگەیاندنی کۆمیسیۆن بۆ ئەو ماوەیەی پێویستیانە بۆ تەواوکردنی ئامادەکارییەکان دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی، لە ناوەڕاستی ئەمساڵ (2024)، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

بەهۆی ئەوەی زۆربەی بنکەکانی دەنگدان لە قوتابخانەکانن، پێداچوونەوە بە ساڵنامەی خوێندن و کاتی تاقیکردنەوەکان لەبەرچاو دەگیرێت، هاوشێوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە ساڵی رابردوو کە بڕیاربوو لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران بەڕێوەبچێت، پێشخرا بۆ 14ـی ئایاری 2023، هەروەک لەکاتی راگەیاندنی وادەکە، ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیا هۆکارەکەی بۆ تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ لە زانکۆکان گەڕاندەوە.

بەگوێرەی ساڵنامەی خوێندن و کاتی تاقیکردنەوەکانی وەزارەەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی دووەمی خوێندنی پۆلی نۆ و پۆلە ناکۆتاکان لە (23ـی ئایاری 2024) کۆتاییان دێت و تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـش لە (3ـی حوزەیران تاوەکو 1ـی تەمموزی 2024) ئەنجام دەدرێن، بۆیە یەکێک لە ئەگەرەکان دیاریکردنی وادەیەکی هەڵبژاردنە لە نێوان (24ـی ئایار تاوەکو 1ـی حوزەیرانی 2024).

هەروەها بەهۆی بوونی جەژنی قوربان لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران کە ماوەی چوار رۆژ دەبێتە پشوو، هاوکات زیاتر لە پێنج هەزار هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج سەردانی وڵاتی سعوودیە دەکەن، بۆیە سەرەتای مانگی تەمموز یەکێکی دیکەیە لە ئەگەرەکانی دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.

دواکەوتنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتێکدایە، ماوەی یاسایی کارکردنی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی ئێستای کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە (7ـی حوزەیرانی 2024) کۆتاییدێت دوای ئەوەی بۆ ماوەی شەش مانگ لە (22ـی تشرینی دووەمی 2023) لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە درێژکرایەوە کە خۆی لە (7ـی کانوونی دووەمی 2024) کۆتاییدەهات. هەروەها ئاماژە بەوەشدەکات، تەمەنی کۆمیسیۆن تاوەکو پەسەندکردنی ئەنجامی هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان درێژدەرکرێتەوە و رێگەش دەدات جارێکی دیکەش درێژبکرێتەوە لەسەر داوای ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بۆ تەواوکردنی کارەکانی ئەو دوو هەڵبژاردنە.

کۆمیسیۆن پێداچوونەوە بە رێکارەکانی خۆیدا دەکات

دوای ئەوەی لە (5ـی ئەیلوولی 2023) ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، سیستمی دەنگدان و ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکانی پەسەندکرد لەسەر بنەمای یاسای ژمارە (1)ـی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 1992، لەوێدا ئاماژە بە بوونی یەک بازنەی هەڵبژاردن دەکات، بۆیە ئەو سیستمە بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی پێویستی بە پێداچوونەوەیە بۆ گۆڕینی هەرێمی کوردستان بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن.

بەگوێرەی ئەو سیستمە، ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، دەبێت تەمەنی 18 ساڵییان تەواو كردبێت‌ و مەرجە خاوەنی رەگەزنامە یان کارتی نیشتمانی بێت و كارتی بایۆمەتری هەبێت.

لەبارەی دەنگدانی تایبەتەوە، کۆمیسیۆن دیاریکردووە پێش 48 كاتژمێر لە دەنگدانی گشتی، هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، پێشمەرگە، سوپا، كارمەندانی نەخۆشخانەكان و زیندانەكان ‌و زیندانیان مافی دەنگدانیان لە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان هەیە، کە لە کاتژمێر (7:00)ـی بەیانی تاوەکو (6:00)ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت.

شێوازی هەڵبژاردن وەک لە یاسایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا روونکراوەتەوە، بە دەنگدانی نهێنی راستەوخۆ بەپێی سیستمی لیستی کراوەی سنووردار ئەنجام دەدرێت و هەر لیستێکی هەڵبژاردنیش نابێت رێژەی ئافرەتان لە کاندیدەکان لە 30% کەمتربێت و تەمەنی رێگەپێدراویش بۆ خۆکاندیدکردن بۆ پەرلەمانی کوردستان 25 ساڵە.

پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی عێراق بەشێوەی ئەلیكترۆنی لە رێگەی بەكارهێنانی ئامێری پشتڕاستكردنەوەی ئەلیكترۆنی لە وێستگەکانی دەنگدان بۆ خوێندنەوەی تۆماری كارتی بایۆمەتری دەنگدەران، بەڕێوەدەچێت و بەراوردی پەنجەمۆر و خوێندنەوەی "کیو ئار کۆدی"ـی كارتی دەنگدان دەکرێت.

لە سیستمی دەنگدان و ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکانی کە کۆمیسیۆن پەسەندیکردووە، شێوازی دەنگدان بەشێوەی نهێنی دەبێت و دەنگدەر قەڵەمێكی تایبەت كە كۆمیسیۆن بۆ مەبەستی دەنگدان دابینی دەکات، بەشێوەی مۆرکردن لەسەر کارتی دەنگدان ژمارەی لیست‌ و كاندید هەڵدەبژێرێت.

هاوکات کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە سیستمەکەدا ئەوەشی روونکردووەتەوە، دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدان و جیاكردنەوە و هەژماركردنی دەنگەکان بەشێوەی ئەلیكترۆنی، لەلایەن سەرپەرشتیارانی وێستگە و بنکەکانی دەنگدانەوە، راپۆرتی ئەنجامەکان چاپ دەکرێت و رادەستی نوێنەری قەوارە سیاسییە بەشداربووەکانی هەڵبژاردن دەکرێت و دواتر لەلایەن بەڕێوەبەری وێستگەکانی دەنگدانەوە ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی تایبەت‌ و گشتی ئاشکرادەکرێت.

بانگەشەی هەڵبژاردنیش دوای رۆژێک لە راگەیاندنی پەسەندکردنی لیستەکان لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانەوە دەستپێدەکات و تا 48 کاتژمێر پێش دەستپێکردنی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆتاییدێت.

ماوەی خولی پەرلەمانی وەک لە یاساکەدا روونکراوەتەوە، چوار ساڵە و لە یەکەم دانیشتنی خولی نوێی هەڵبژێردراو دەستپێدەکات، کە تێیدا ئەندامانی نوێی پەرلەمان سوێندی یاسایی دەخۆن کە بە تەمەنترین پەرلەمانتار سەرۆکایەتی دانیشتنەکە دەکات تا هەڵبژاردنی سەرۆکێک بۆ پەرلەمان، هەروەها خولی هەڵبژاردنیش لە دوا دانیشتنی خولەکە لە ساڵی چوارەم کۆتاییدێت.

هەڵبژاردنی خولەکانی پێشووی پەرلەمانی کوردستان

دوای راپەڕینەکەی بەهاری 1991، لەسەر بڕیاری بەرەی کوردستانی، ساڵی 1992 هەڵبژاردنی یەکەم خولی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا کە تاوەکو ئیستا پێنج خولی هەڵبژاردن بەڕیوەچووە. ساڵی 2004 یاسای هەڵبژاردن هەموارکرایەوە و ماددەی نۆیەمی یاساکە کە باسی لەوە دەکرد "هەرێمی کوردستان لە چەند ناوچەیەکی هەڵبژاردن پێکبێت" لابرا و هەرێمی کوردستان هەمووی کرایە یەک بازنەی هەڵبژاردن.

خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان کە لە (30ـی ئەیلوولی 2018) بەڕێوەچوو، رێژەی بەشداریکردن گەیشتە 59% و لە کۆی 29 لیستی بەشداربوو، 16 لیست توانییان کورسی پەرلەمانی بە رێژەی جیاواز بەدەستبهێنن و پارتی دیموکراتی کوردستان بە 45 کورسی لە پلەی یەکەم و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە 21 کورسی لە پلەی دووەم و بزووتنەوەت گۆڕان بە 12 کورسی لە پلەی سێیەم هاتن و ئەو سێ لایەنەش وەک سێ لیستی زۆرینەی پەرلەمانی کورستان، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی پێکهێنا.

یه‌كه‌مین خولی پەرلەمانی کوردستانیش به‌پێی یاسای ژماره ‌(1)ـی به‌ره‌ی كوردستانی له (19ـی ئایاری 1992) بە بەشداری 967 هەزار و 229 دەنگدەر بەڕێوەچوو بۆ هەڵبژاردنی سەد کورسی گشتی و پێنج کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەی کریستیانەکان.

لە ‌رۆژی (30 كانوونی دووه‌می 2005)، خولی دووه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجامدرا كه ‌هاوكات بوو له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پەرلەمانی عێراق و هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان. ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنی گشتی بوو كه‌ دوای رووخانی رژێمی بەعس له هەرێمی‌كوردستان و عێراق ئه‌نجام بدرێت و ملیۆنێک و 753 هەزار و 919 دەنگدەر بەشدارییان تێداکرد بۆ هەڵبژاردنی سەد و 11 کورسی لە نێوان 13 لیستی هەڵبژاردن، کە لیستی نیشتمانی دیموکراتی کوردستان بە 104 کورسی زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستهێنا.

هەروەها لە رۆژی (25ـی تەمموزی 2009)، پرۆسه‌ی خولی سێیه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە بەشداری 24 لیست بۆ كێبركێ له‌سه‌ر سەد و 11 کورسی بەڕێوەچوو کە 11 لیست توانیان رێژه‌ی یاسایی  به‌ده‌ستبهێنن و لیستی کوردستانی بە بەدەستهێنانی رێژەی زیاتر لە 57%ـی دەنگەکان زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستهێنا.

هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستانیش لە (21ـی ئەیلوولی 2013) بە بەشداری 31 لیست بەڕێوەچوو، کە 17 لیستیان توانییان کورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنن و لیستی پارتی بە 38 کورسی پلەی یەکەم و بزووتنەوەی گۆڕان بە 24 کورسی پلەی دووەم و لیستی یەکێتی بە 18 کورسی لە پلەی سێیەم و لیستی یەکگرتوو بە 10 کورسی لە پلەی چوارەم هاتن.