سەعدی پیرە: کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ پارتی بەردەوام دەبن

سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتی
سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتی

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتای پێکهاتەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان روونکردنەوە دەدات و جەختیش دەکاتەوە لە بەردەوامبوونی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان.

رۆژی دووشەممە (4ـی ئاداری 2024) سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنفڕاسێکی رۆژانامەوانیدا رایگەیاند، باسکردنی بێشەرمانەی هێزی پێشمەرگە لە نێو پەرلەمانی فیدراڵی کارێکی ناشرینە و نکۆڵیکردنە لە چاکە.

سەعدی پیرە ئاماژەی بەوەشکرد: پێشەرمەگە هەوێنی رزگارکردنی شارەکانی کوردستان بووە و پارێزگاری لە دامەزراوەی پارتەکانی دیکەی عێراق لەو سەردەمەدا کردووە و حەق وانییە ئەم قسە بێ توکڵانە بەرامبەر پێشمەرگە بکرێن.

لەبارەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییەوە، سەعدی پیرە رایگەیاند، یەکێتی داوای هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتای پێکهاتەکانی نەکردووە و بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بڕیارێکی توندە.

سەعدی پیرە دەشڵێت، کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ پارتی بەردەوام دەبن و تاوتوێی هەڵبژاردن و پرسە هەڵوەسراوەکان بە تایبەت دۆسیەی سیاسی دەکەین.

رۆژی (21ـی شوباتی 2024) دادگای فیدراڵی، دوای 11 جار دواخستنی دانیشتنەکانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاریدا کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەرکی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە جێگەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بگرێتە ئەستۆ.

هەروەها دادگای فیدراڵی بڕیاریداوە بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسی کۆتاکان کە 11 کورسین هەڵوەشاندەوە، بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم دەکرێنەوە.

بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پێکهاتەکان 11 کورسی کۆتایان لە پەرلەمان هەبوو، بەشێوەیەک پێنج کورسی بۆ تورکمان و پێنج کورسی بۆ کلدان و ئاشووری و سریانەکان و یەک کورسی بۆ ئەرمەنەکان، کە لەسەر بنەمای هەمان یاساش، شێوازی دەنگدان و کێبڕکێ کردن لە نێوان دەنگدەران و نوێنەرانی ئەو پێکهاتانە دەبوو، بەشێوەی یەک بازنەیی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.

ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵیش بووە جێگەی نیگەرانی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی هەردوو پێکهاتەی تورکمان و کریستیانەکان ناڕەزایەتییان بەرامبەر ئەو بڕیارە دەربڕی و راستەوخۆ، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان تۆمەتبارکرد کە بەهۆی سکاڵانی ئەوانەوە لە دادگای فیدراڵی، ئەو بڕیارە دراوە و بوونەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتای پێکهاتەکانیان.

سکاڵاکان لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان (ماددەکانی 1، 9، 15، 22 و 36) تۆمارکرابوو کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکرابوون. ئەمەش بووە جێی نیگەرانی هەردوو پێکهاتەی تورکمان و کریستیانەکان کە دژی ئەوەبوون کورسی کۆتای پێکهاتەکان کەمبکرێتەوە یاخود دابەش بکرێت بەسەر چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن بەپێی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.

رۆژی یەکشەممە (3ـی ئاداری 2024) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسومێکدا، وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد کە رۆژی (10ـی حوزەیرانی 2024) بەڕێوەدەچێت. لەوبارەیەوە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەبوەکردووە، به‌پێى فه‌رمانه‌كه‌ هه‌موو لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان پابه‌ند ده‌بن به‌ ئه‌نجامدانى كارى پێويست بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ كۆمیسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بۆ جێبه‌جێكردنى فەرمانەکە،‌ کە لە رۆژى ده‌رچوونييه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت.