دەرماڵەی مانگی شوباتی قوتابییانی زانکۆی سەڵاحەددین دابەشدەکرێت

لۆگۆی زانکۆی سەڵاحەددین
لۆگۆی زانکۆی سەڵاحەددین

K24 – هەولێر:

دەرماڵەی مانگی دووی قوتابییانی زانکۆی سەڵاحەددین دابەش دەکرێت و لە رۆژی چوارشەممەوە بەگوێرەی ریزبەندی کۆلیژەکانی ئەو زانکۆیە دەست بە پرۆسەی دابەشکردنی دەکرێت.

رۆژی دووشەممە (4ـی ئاداری 2024) سامان عەبدوڵڵا، بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەددین بۆ کوردستان24 ئاشکرایکرد، دابەشکردنی دەرماڵەی قوتابییان بەردەوام دەبێت و لە رۆژی چوارشەممەوە دەست بە دابەشکردنی دەرماڵەی مانگی دوو دەکرێت.

بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەددین گوتیشی: له‌سه‌ر فه‌رمانی مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەشکردنی دەرماڵەی قوتابییانی زانکۆ بەردەوامی هەیە.

هەروەها باسی لەوەشکرد: سه‌رۆكی زانكۆی سەڵاحەددین لە بەدواداچوونی بەردەوامدایە بۆ دابینکردن و دابەشکردنی دەرماڵە و شایستە داراییەکانی قوتابییانی زانکۆ بۆ مانگەکانی داهاتوو.

لەلایەن خۆیەوە، سۆران عه‌بدوڵڵا، به‌ڕێوه‌به‌ری دارایی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی سەڵاحەددین بۆ کوردستان24 روونیکردەوە، کە رەزامەندی بۆ دابەشکردنی دەرماڵەی مانگی شوباتی قوتابییان وەرگیراوە و لە رۆژی چوارشەممە (6ـی ئاداری 2024) و بەپێی ئەو ریزبەندییەی بۆ  کۆلیژەکان داندراوە، دەرماڵە بەسەر قوتابییان دابەشدەکرێت.