چوارچێوەی هەماهەنگی تاوتوێی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەکەن

وێنە: ئەرشیف
وێنە: ئەرشیف

K24 – هەولێر:

بە ئامادەبوونی سەرۆکوەیزرانی عێراق، چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ تاوتوێکردنی دوو دۆسیەی گرنگ کۆبووەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە (5ـی ئاداری 2024) چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەیەکی بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ماڵی حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سیاسی لە عێراق ئەنجامدا.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە کۆبوونەوەکە رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ کرا، ئەمە جگە لە ئەنجامی دانوستانەکانی نێوان بەغدا و واشنتۆن سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە ئەرکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراقەوە.

رۆژی 14ـی تشرینی دووەمی 2023، دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەکە لە محەممەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش راستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوورخرایەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو کێشانەی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە لەماوەی رابردوو لە نێوانیان روویاندا.

لە یەکەم کاردانەوەشیدا، حەلبووسی لەمیانی دانیشتنی پەرلەماندا، سەرسوڕمانی خۆی بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی نیشاندا و رایگەیاند، هەندێک لایەن هەوڵی لێکترازانی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق دەدەن.