ترەمپ 43 ساڵ پێش ئێستا گوتیەتی "نامەوێ ببمە سەرۆکی ئەمەریکا"

K24 - هەولێر

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەمەریکا کە بڕیارە مانگی تشرینی دووەم لە ئەمەریکا بەڕێوەبچێت، کێبڕکێی خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە دەکات، بەڵام ترەمپ لە سەرەتای تەمەنیدا دیدگایەکی جیاوازی هەبووە سەبارەت بە خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

لە ساڵی 1980، کاتێک ترەمپ تەمەنی 34 ساڵ بوو، لە چاوپێکەوتنێکدا بە کەناڵی "NBC" راگەیاند، "نایەوێت خۆی بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا کاندید بکات، بەڵکو ژیانی خۆی بۆ خزمەتکردنی وڵات تەرخان دەکات".

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکرد، "زۆرێک لەو کەسانەی کە کۆمپانیا گەورەکان بەڕێوەدەبەن لە پۆستە سیاسییەکان هەڵدێن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا رەنگە کەسانێک بدۆزینەوە کە دیدگایەکی سیاسی باشیان هەبێت بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، بەڵام ئەوان لای خەڵک قبوڵکراونین".

ترەمپ پێیوابوو "رەنگە بۆچوونە سیاسییە توندەکانی دەنگدەران دڵخۆش نەکات".

بەگوێرەی میدیاکانی ئەمەریکا، ترەمپ لەکۆی 15 ویلایەت لە 14 ویلایەت سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی سەرۆکایەتی پارتی کۆمارییەکان بەدەستهێناوە.

چاوپێکەوتنەکەی دۆناڵد ترەمپ لە کەناڵی 'ئێن بی سی'
چاوپێکەوتنەکەی دۆناڵد ترەمپ لە کەناڵی 'ئێن بی سی'