سەعدی پیرە: دەمانەوێت پێکهاتەکان خاوەن لیستی خۆیان بن

سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتی
سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتی

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی یەکێتی دەڵێت، داوای هەڵوەشاندنەوەی تەواوی کورسی پێکهاتەکانمان نەکردبوو، لە کاتێکدا لەسەر سکاڵاکەی ئەو حزبە کورسی پێکهاتەکان هەڵوەشایەوە، بەڵام یاساناسێک بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بە ستەمکردن لە پێکهاتەکان دەزانێت و دەشڵێت: چەند رێکارێک هەن وادەکەن بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی ‌‌هەڵوەشێتەوە.

لەبەرامبەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی هەمووان تەنیا رستەیەک دووبارە دەکەنەوە، ئەویش ئەوەیە کە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی تانەی لێنادرێت، ئەمەش وایکردووە پێکهاتەکان هەست بە نادادپەروەری بکەن.

سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتی بە کوردستان24ـی راگەیاند، داوای هەڵوەشاندنەوەی تەواوی کورسی پێکهاتەکانمان نەکردبوو، هەورەها ناوبراو باس لە چارەسەری ئەم بابەتە دەکات بەوەی پێکهاتەکان خاوەنی لیستی خۆیان بن.

لەلایەن خۆیەوە، غازی زەنگەنە، یاساناس گوتی: دەکرێت لە داهاتوو لە رێگەی فشارێکی نێودەوڵەتی، دەکرێت دادگای فیدراڵی بڕیارێکی دیکە دەربکات بە جۆرێک لە جۆرەکان ماف بدات بە پێکهاتەکان بۆ ئەوەی کۆتایان هەبێت و، بڕیارەکەی خۆی هەڵوەشێنێتەوە.

رۆژی چوارشەممە، (21ـی شوباتی 2024) دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو سکاڵایانەی لە دژی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و یاسای تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراببون، کۆبووەوە.

لە دانیشتنەکەدا دادگای فیدراڵی دژی کورسی کۆتاکانی پەرلەمانی کوردستان بڕیاریدا، هاوکات ژمارەی کورسی کۆتاکانی پەرلەمان هەڵوەشێنداریەوە و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانیش لە 111ـەوە کەمکرایەوە بۆ 100 کورسی.

لای خۆیانەوە پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی تایبەت بە کورسی کۆتاکان دەربڕی و بڕیارەکە رەتدەکەنەوە.

هاوکات بڕیارەکەی دادگا بە سیاسی دەزانن و جەختیش لە گەڕانەوەی مافەکانیان دەکەنەوە.