میراودەلی: بە 16 تیم ئاگری کۆگاکەی ناوچەی پیشەسازیی باکووری هەولێرمان کۆنتڕۆڵکرد

لێدوانی رۆژنامەوانی کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر
لێدوانی رۆژنامەوانی کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر

K24 - هەولێر

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر رایدەگەیەنێت، توانیویانە بە 16 تیم ئاگری کۆگاکەی ناوچەی پیشەسازیی باکووری هەولێر کۆنتڕۆڵک بکەن. ئاماژە بەوەش دەدات، رووداوەکە تەنها زیانی ماددی لێ کەوتووەوە.

نزیکەی کاتژمێر 06:57 خوولەکی بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 09-03-2024، ئاگر لە کۆگایەکی کەرەستەی بیناسازی لە ناوچەی پیشەسازیی باکووری شاری هەولێر، لە نزیک شەقامی 120 مەتریی کەوتەوە.

کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر لەبارەی ئاگرەکە، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "بەداخەوە رووداوەکە، گەورە، لوتکەیی و زۆر مەترسیدار بوو. تیمەکانمان بەسەر 16 تیمدا دابەشکرد و توانیمان لە ماوەی سێ کاتژمێردا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەین".

میراودەلی ئاماژەی بەوەش کرد، "کارکردنی ئێستای ئێمە کۆنترۆڵکردنی ئەو پاشماوە سووتەمەنییەیە کە لەنێو کۆگاکەدا کەڵەکەبووە و ماوەتەوە". لەبارەی زیانەکانیش گوتی، "خۆشبەختانە رووداوەکە زیانی گیانی نەبووە، تەنها ماددی بووە".

بە گوتەی گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، "تا ئێستا هۆکاری راستەقینەی ئاگرەکە نازانرێت، لیژنەیەکی هونەری بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکهێندراوە، هۆکاری ئاگرەکە و زەرەر و زیانەکانی ئاشکرادەکات".

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، "کەرەستە و کاڵای بیناسازی لەنێو کۆگاکەدا هەبووە وەکو تەنەر، سپرە و ماددەی پلاستیکی دیکە. مەترسی لەسەر دەوروبەری کۆگاکەش هەبوو. ئەگەر خێرایی کۆنتڕۆڵکردنمان بەم ئەندازەیە نەبووایە، ئاگرەکە تەشەنەی دەکرد، چونکە ئاگرەکە لووتکەیی بووە؛ بەڵام توانیومان لە ماوەی سێ کاتژمێردا کۆنتڕۆڵی ئاگرەکە بکەین و نەهێڵین کۆگاکانی دیکەش بسووتێن".

پێشتر نوێنەری کۆگاکە بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، بە هەزاران دۆلار سیستەمی ئاگرکوژێنەوەیان لە کۆگاکەدا جێگیرکردبوو و شەش مانگ جارێک تێستیان دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ لەوکاتەوەی ئاگرەکە کەوتووەتەوە، سیستەمەکە ئیشی نەکردووە. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر گوتی، سیستەمەکە ئیشی کردبوو، بەڵام ئاگرەکە لووتکەیی بوو و توانای کۆنترۆڵکردنی نەبووە.

بە گوێرەی ئامارەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێر، لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا 186 رووداوی جۆراجۆری ئاگرکەوتنەوە لە سنووری پارێزگای هەولێر روویداون. میراودەلی دەڵێت، "شۆرتی کارەبا" هۆکاری سەرەکی زۆرینەی حاڵەتەکانی ئاگرکەوتنەوە بوون.

ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژی 27 ی شوباتی 2024، ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر كەوتەوە و 166 دووكانی كاسبكاران سووتان و ڕووداوەكە بەبێ زیانی گیانی بەری پێ گیرا.