ئامادەکاریی پارتە سیاسییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە

kurdistan24.net

K24 – سلێمانی:

پاش یەکلابوونەوەى ئەوەى کە لە رووى تەکنکیى و یاساییەوە کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق سەرپەرشتى هەڵبژاردنەکانى داهاتووى پەرلەمانى کوردستان دەکات، بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان بۆچوونى جیاوازیان هەیە سەبارەت بە بەرێوەچوونى هەڵبژاردنەکان بەرپرسێکى پارتى پێى وایە هەندێک کێشە هەیە تا ئێستا کۆموسیۆن نەیتوانیوە چارەسەرى بکات.

هەرێمى کوردستان بەرەو هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان هەنگاو دەنێت، هەڵبژاردنێک کە چاوێکى زۆرى لەسەرە و جیاوازە لەوانەى پێش خۆى، چونکە کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق سەرپەرشتى دەکات، لە دیدى  یەکگرتوى ئیسلامى کوردستانەوە هەڵبژاردنەکە باشتر دەبێت، بەڵام ناتوانن هەر لە ئێستاوە بڕیارى ئەوە بدەن کە ئایا دڵنیان لە باش بەرێوەچوونى پڕۆسەکە یاخود گومانیان هەیە.

بە خوێندنەوە بۆ هەڵبژاردنەکانى ساڵى 2017ـی ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق و دوایین هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق، کە کۆمیسیۆن چەند کێشەیەکى تەکنیکى هەبوو کە دیارترینیان نەخوێندنەوەى پەنجەمۆرى دەنگدەر، کە بە بڕواى بەرپرسێکى پارتى ئەگەر ئەو کێشانە چارەسەر نەکرێن ناتوانن دڵنیابن لە باش بەڕێوەچوونى پڕۆسەکە.