ئۆکرانیا: دوای لەناوبردنی سیستەمی بەرگری پاتریۆت بوونی خیانەت بەدوور نازانین

K24 – هەولێر

ماڵپەڕی "Strana.ua" بڵاوی کردووەتەوە، زۆرێک لە شارەزایانی ئۆکرانی بوونی "خیانەت" بەدوور ناگرن دوای لەناوبردنی سیستەمی مووشەکی بەرگری ئاسمانی پاتریۆتی ئەمەریکا لە دۆنباس.

بەگوێرەی راپۆرتێک کە لە ماڵپەڕەکە بڵاوبووەتەوە، "شارەزایان ئەگەری خیانەت بەدوور ناگرن، چونکە یەکێک لە سەربازەکانی ئۆکرانیا، رووسەکانی لە رێڕەوی جوڵەی پاتریەکانی سیستەمی پاتریۆت ئاگادارکردووەتەوە".

دوێنێ شەممە، وەزارەتی بەرگری رووسیا گرتەیەکی ڤیدیۆیی مووشەکێکی لە کۆمەڵگەی "ئەسکەندەر-ئێم"ەوە بڵاوکردەوە کە لە ناوچەی پۆکرۆڤسکی هەرێمی دۆنێتسکدا بەر ئامێرە ئۆکرانیاییەکان کەوتووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی بەرگری رووسیا، لەم هێرشە مووشەکییەدا، سیستمێکی بەرگری ئاسمانی ئێس-300ـی ئۆکرانی تێکشکێندرا.

سەرچاوەیەکی سەربازی رووسیا بە ئاژنسی نۆڤۆستی راگەیاند، لەنێو ئەو سیستەمەی ئۆکرانیا کە بە مووشکەکەی رووسیا لەناو چوون، سیستەمی پاتریۆتی ئەمەریکاشی تێدایە.