وەزارەتی ئەوقاف رێنوێنییەكانی مانگی رەمەزانی بڵاوكردەوە

وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان
وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

لە نووسراوێكدا كە بۆ گشت بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك، گەرمیان و هەڵەبجە گشتێندراوە، وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، چەند ڕێنماییەكی لەبارەی مانگی ڕەمەزانەوە گشتاندووە كە دەبێت هەموولایەك پێیەوە پابەند بن.

یەكێك لەو ڕێنماییانە ئەوەیە كە كورته‌وتاره‌كانى دوای عەسر، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی گشتیی ڕۆژووەوانان، 20 خولەك بخایەنێت و تەنیا مامۆستای مزگەوت پێشكەشی بكات، بە بەكارهێنانی مایكرۆفۆنی ناوخۆیی مزگەوت، بابەتەكانیش بریتی دەبن لە خواپەرستی و مامەڵە و بابەتی پەروەردەیی و هۆشیاریی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان و هاندانی پێكەوەژیان.

لە خاڵێكی دیكەدا هاتووە، ماوەی نێوان ئیمساك و بانگدانی بەیانی بە پێی خشتەی پارێزگاكە دەبێت، كە دەبێت پێیەوە پابەند بن.

هەروەها تەنیا لە 10 شەوی كۆتاییەكانی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، دەرگای مزگەوتەكان كراوە دەبن، تا نوێژی بەیانی بە مەرجی ڕەزامەندیی پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوت.

ئەوەش باس كراوە هیچ كەس بۆی نییە جگە لە پێشنوێژ و وتارخوێنی فەرمیی مزگەوت، مەراسیمە ئایینییەكان و تەراویح بە تایبەتی ئەنجام بدات.

لە ڕێنماییەكی دیكەشدا دەڵێت: پاش بانگى شێوان (عیشا)، لە نێوان 15-20 خولەك دواتر نوێژ بكرێت، لەبەر بارودۆخی ڕۆژووەوان، ڕەچاوی كاتی گونجاو بكرێت لە ڕووی درێژی و كورتیی تەراویح، كە لەسەر بنەمای شەرعیی دروست ئەنجام بدرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا كۆمەڵێك ڕێنماییی كارگێڕی بڵاوكردووەتەوە، كە ئاراستەی چێشتخانە و كافتریا و دەزگاكانی ڕاگەیاندن كراوە و داواكراوە بە هەڵسوكەوتی دروست ڕێز لە مانگەكە بگرن.