هاووڵاتییانی سوید ئامادەکاری بۆ هێرشی رووسیا دەکەن

ئاڵای سوید
ئاڵای سوید

K24 – هەولێر:

دوای ئەوەی دوو سەدە سوید وڵاتێکی بێلایەن بوو، ئێستا بووەتە 32ـەمین ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆ، بەڵام وێڕای ئەوەش هاووڵاتییانی سوید ئامادەکاری بۆ هێرشی رووسیا دەکەن و خواردن و دەرمان و پێداویستییەکان لە ئەگەر هەڵگیرسانی جەنگ لە ماڵەکانیان کۆدەکەنەوە، هەروەها چەندین پەناگە بۆ خەڵک ئامادەکراون.

سوید نوێترین ئەندامی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسییە، لە ترسی جەنگ هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە تووشی دڵەراوکێ بوونە و خۆیان ئامادە دەکەن خۆراک و پێداویستییەکان و کەرستەی پاککردنەوەی ئاو کۆدەکەنەوە.

هاووڵاتییەک دەڵێت: " هەموو ئەوانەی لێرە دەیبینن لەلایەن دەوڵەتەوە پێشنیاز کراوە تا هەموو کەسێک بەلایەنی کەم خۆی بۆ 10 رۆژ ئامادەکردبێت، هەروەها دەرمانخانەکانیش دادەخرێن بۆیە دەرمانیشم هەڵگرتووە و نان و شیر و سوپی ژەمەکانیشم و تەنانەت کەرستەی پاککردنەوەی ئاویشم کۆکردووتەوە، ئەمە جددییەوە دەکرێت رووبدات و دەبێت بۆی ئامادەبێت."

پەناگەیەکی بۆمبە لە شارۆچکەی ناکا لە سنووری ستۆکهۆڵم لە ئەگەری هێرش و هەڵگیرسانی جەنگ بۆ هاووڵاتییان ئامادەکراوە بۆ ئەوەی خۆیان تێیدا حەشاربدەن.

لەلایەن خۆیەوە بەڕێوبەری ئاسایشی شارۆچکەی ناکا ئاماژە بەوە دەکات: " ئەم شەڵتەرەی بۆمبە لەژێر زەوییەوە و دەتوانێت لە تەقینەوە و تیشکدانەوە بمانپارێزێت، هەموو شەڵتەرێک لەژێر زەوی نییە، دەتوانی بڕۆیە هەر شەڵتەرێک لێت نزیکە، پێویستیش ناکات هاووڵاتی سوید بی تا بتوانی بێیە ژوورەوە، بەڵکو شوێنێکی گشتییە و کە پێویستبێت بۆ هەموو کەسێك کراوەیە."

سوید 200 ساڵ بێلایەن بوو، ئەمساڵ بەهۆی مەترسی هێرشی رووسیا بە فەرمی بووە ئەندامی گەورەترین هاوپەیمانی سەربازی لە جیهان ئەویش هاوپەیمانی ناتۆیە، ئامادەکارییەکانی خەڵكی سوید بۆ جەنگ زیاتر بووە دوای ئەوەی بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتە چەندین جار هۆشدارییان بە هاووڵاتییان داوە کە ئامادەبن و ئەگەری هێرشی رووسیا لە ئارادایە.

لە رۆژی (23ـی کانوونی دووەمی 2024) په‌رله‌مانی توركیاش ئه‌ندامێتی سویدی له‌ ناتۆ به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سه‌ندكرد، دوای سێ رۆژیش پەرلەمانی هەنگاریا بە فەرمی ئەنداێتی ئەو وڵاتەی لە ناتۆ پەسەند کرد.

دوای دوو ساڵ دانوستان، رۆژی (7ـی ئاداری 2024)، سوید بە فەرمی بووه‌ 32مین ئەندامی رێکخراوی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی "ناتۆ".

ئەندامێتی سوید دوای بە ئەندامبوونی فینلاند هات لە ساڵی رابردوودا، بەمەش هەموو ئەو وڵاتانەی کە دەکەونە سەر دەریای باڵتیک جگە لە رووسیا، ئێستا هەموویان ئەندامی ناتۆن.

هەرچەندە سوید و فینلاند بەهۆی پەیوەستبوونیان بە یەکێتی ئەوروپا لە رووی سەربازییەوە لە ئەمەریکا نزیکن، بەڵام لە رووی مێژووییەوە پێیان باشتر بووە لەو هاوپەیمانییە سەربازییە دوور بکەونەوە کە لە سەردەمی شەڕی سارد دژی یەکێتی سۆڤیەت پێکهێندرا.