وەزیری بازرگانی: هەر شوێنێک لە مانگی رەمەزاندا نرخی شتومەک بەرزبکاتەوە سزادەدرێت

کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان
کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لیژنەکانیان بەردەوام لە مانگی رەمەزاندا چاودێریی بازاڕ دەکەن و هەر شوێنێک لەم مانگەدا نرخی شتومەک بەرزبکاتەوە، سزا دەدرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 11-03-2024، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەسەرکردنەوەی بازاڕەکانی شاری هەولێر، لە لێدوانێکدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، "لیژنەکانی چاودێری بازاڕ بەسەر چوار شێفتدا دابەشکراون؛ بەیانییان، ئێواران، شەوان و پارشێوان. ئەوان بەدرێژایی مانگی رەمەزان سەردانی هەموو شوێنەکان دەکەن و چاودێریی نرخەکان دەکەن".

بە گوتەی وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "لەلایەن لیژنەکانمانەوە چاودێری بازاڕ دەکرێت. هەر شوێنێک نرخی شتومەک بەرزبکاتەوە و مانگی پیرۆزی رەمەزان بۆ گرانکردنیان بقۆزێتەوە، لەلایەن لیژنەکانەوە سزادەدرێن و لەوانەیە شوێنەکانیشیان دابخرێن".

لە هەولێر ماوەی چەند رۆژێکە ئامادەکارییەکان بۆ چاودێریکردنی بازاڕ لە رەمەزاندا دەستیپێکردووە. بە گوێرەی راگەیەندراوێکی پارێزگای هەولێر، "ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر جەختی لە تووندکردنی چاودێریکردنی بازاڕ و نرخ و کەلوپەل و پێداویستییەکانی هاوڵاتییان لە مۆڵ، مارکێت، رێستۆرانت، چیشتخانە، قاوەخانە و هەموو شوێنەکانی دیکەی هاوشێوە کردەوە، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەکانی قایمقامیەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد لێپرسینەوە لەگەڵ هەموو ئەو کەس و لایەنانە بکرێت کە نرخی خۆراک و پێداویستییەکان لە سەر هاوڵاتییان زیاد دەکەن".

 بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، ئومێد خۆشناو ئەوەی خستووەتەڕوو، "نابێت رێگە بدرێت هیچ کەس مانگی رەمەزانی پیرۆز بقۆزێتەوە و یاری بە بازاڕ بکات و نرخی خۆراک و کەلوپەل لەسەر هاووڵاتییان گران بکات."

 ئامادەکارییەکان لەکاتێکدان، ئەمڕۆ دووشەممە، 11-03-2024، لە هەرێمی کوردستان یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانە.