ئاسایشی هەولێر: دوو کەس بەهۆی ئاگرەکەی بازاڕی لەنگەوە دەستگیرکراوە

بازاڕی لەنگە
بازاڕی لەنگە

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی ئاسایشی هەولێر، لە پڕۆگرامی شوێنپەنجەی کوردستان 24 هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی لەنگەی هەولێر دەخاتەڕوو ورایدەگەینێت، یەکێک لە دووکاندارەکان لە درەنگانی شەو و بەبێ رەزامەندی شارەوانی لە دووکانەکەی کاری کردووە و ئەمەش هۆکاربووە بۆ کەوتنەوەی ئاگرەکە.

مقەدەم ئەردەلان، گوتەبێژی ئاسایشی هەولێر ئاشکراشی دەکات، زێدەڕۆیی دووکاندارەکان و دانانی کەلوپەل نزیک سیستەمی ئاگرکوژێنەوە و زێدەڕۆیی لە راکێشانی کارەبا هۆکاربوونە بۆ تەشەنەکردنی ئاگرەکە.

ئاسایشی هەولێر ئاماژە بەوەشدەکات، تا ئێستاش دوو کەس بە تۆمەتی ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی لەنگەی هەولێر دەستگیرکراون.

پێشتریش نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر لەبارەی سووتانی بازاڕی لەنگەی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، هۆکاری سووتانی بازاڕی لەنگەمان بۆ ئاشکرا بووە، ئەویش لە ئەنجامی کارکردنی چەند کرێکارێک بووە لە یەکێک لە دووکانەکان.

قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، ئاماژەی بەوەدا، بە گوێرەی لێکۆڵێنەوەکان دەرکەوتووە رووداوەکە بە دەستی ئەنقەست نەبووە، رووداوێکی سرووشتی بووە هەرچەندە کەمتەرخەمی لەلایەن هەندێک کەس هەبووە، لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن و تا ئێستا دوو کەس دەستگیرکراون.

ئێوارەی رۆژی سێشەممە (27ـی شوباتی 2024) ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر کەوتەوە و دوای رووداوەکەش كاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند: "بە دوو كاتژمێر و 45 خولەك و بەشداریی 18 تیم توانیمان کۆنترۆڵی ئاگرەکە بكەین، تەواوی هێزی مرۆییمان لە رووداوەكەدا ئامادەبوون کە توانییان 88%ـی بازاڕەكە لە سووتان بپارێزن.

لەلایەن خۆیەوە، هاوكار سەعدی، ئەندامی دەستەی ئەنجوومەنی بازاڕی لەنگە بۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاری جەختیکردووەتەوە: هۆكاری ئاگركەوتنەوەكە نازانین، بەڵام پێمان وایە شۆرتی كارەبا بووبێت. بازاڕی لەنگە 2400 دووكانی لێیە، 166 دووكان لە رووداوەكەدا سووتاون".