کاردانەوەکان لە دژی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بەردەوامن

K24 - هەولێر

بەشێک لە حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان داوا دەکەن لە رێگەی پرۆژەیەکی نیشتمانییەوە رووبەڕووی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی ببنەوە، بەڵام گرفتەکە لەوەدا دەبینن کە بەشێک لەو سکاڵایانەی تۆمارکراون، هێزە سیاسییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان تۆمارییان کردوون.

هەر لایەنێکی سیاسی بە جۆرێک باسی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی دەکات، هەندێکیان دەڵێن بڕیارەکان دژی قەوارەی هەرێمی کوردستانە، هەندێکیش بە سیاسەتی نە شیش بسوتێ نە کەباب دەڵێن بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی سەخت و قورسن، بەڵام بەشێک لە حزبە سیاسییەکان دەڵێن "هۆکاری ئەم کێشانە نەبوونی پرۆژەیەکی نیشتمانییە".

هەندرێن ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان:

"لە بنەڕەتدا نەبوونی پرۆژەیەکی یەکگرتووی نیشتمانی، بووەتە هۆکاری دروستبوونی ململانێی حزبیی و بەرژەوەندی تەسکی حزبی لە پێشەوەی بەرژەوەندی نیشتمانی بێت، هەربۆیە ئێستا ئێمە بە لاوازییەوە رووبەڕووی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەبینەوە کە دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان و پێشێلکردنی دەستووریشە، لەبەرامبەردا پێویستیمان بە کۆنگرەی نیشتمانیی و دیالۆگی نیشتمانیی لە پێناو هاوبەشییەکی کۆمەڵگەیی هەیە بۆ بڕیاری سیاسیی و پاراستینی ئاسایشی نەتەوەیی کوردستان تاوەکوو بتوانین قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان بپارێزین".

سکاڵاکان لەسەر هەرێمی کوردستان لەلایەن حزبی سیاسیی و بەشێک لە کەسایەتییەکانی ناوخۆوە لە دادگای فیدڕاڵی تۆمارکراون.

بۆیە هەموو ئەو بڕیارانەی لە دادگای فیدڕاڵی دژ بە هەرێمی کوردستان دەردەچن لەسەر بنەمای ئەو سکاڵایانەیە کە لەلایەن هەندێک حزبی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە تۆمارکراون.

گۆران جەلال ئەندامی سەرکردایەتی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان:

"دادگای فیدراڵی بە گوتەی هەموو ئەوانەی شارەزای بواری دەستوورین، لە زۆر لایەنەوە زێدەڕۆیی لە دەسەڵات و تایبەتمەندییەکانی خۆی کردووە لە بڕیاردان،  بە تایبەت لە بڕیارەکانی ئەم دوایەدا لە سەر بازنەکانی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان شوێنی دەسەڵاتی یاسادانانی گرتووەتەوە، کە ئەمە لە دەسەڵاتی دادگای فیدراڵی نییە، هەموو ئەمانە وایکردووە لایەنگیرییەک لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیدا هەبێت، بەڵام هەموو ئەوانە دەرخەری ئەو ناکۆکیی و ناتەبایەیە کە لە نێو ماڵی کوردیدا هەیە".

بەشێک لە حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ناکۆکییە ناوخۆییەکانیان بردە بەغدا و دادگای فیدراڵی عێراقییان کردە ناوبژیوان، بەڵام ئەنجامەکەی دروسبوونی مەترسییە لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان، ئێستاش دیار نییە ئەو لایەنانەی بەغدایان کرد بە فریادڕەس لە نەزانی بوو یان بە پیلانێکی داڕیژراو ئەو کارەیان کرد.

تاوەکوو ئێستا دادگای فیدراڵی عێراق چەندین بڕیاری دژ بە هەرێمی کوردستان دەکردووە، دواترین بڕیارەکانی رۆژی چوارشەممە، 21-02-2024 بوو، بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو سکاڵایانەی لە دژی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و یاسای تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکرابوون.

بەشێک لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان:

1. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی ئەرکی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە جێگەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان دەگرێتە ئەستۆ.

2. بۆ خوولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش دەکرێت.

3. ژمارەی کورسی کوتاکان کە 11 کورسین هەڵدەوەشێندرێنەوە و نادەستوورین؛ بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە دەکرێنە 100 کورسی.

بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان:

1. دەبێت بە پێی ماددەی 116 و 117 دەستووری عێراق؛ یەکسانی هەبێت لە دابەشکردنی داهاتی سەروەت و سامانیی گشتی و نابێت ستەم لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت.

2. دەبێت هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کار بۆ ئەوە بکەن کە مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆی دابەش بکرێت.

3. دەبێت هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان پابەندی یاسایی بودجەی گشتیی فیدراڵی بن بۆ پێدانی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەڵام تاوەکوو ئێستا حکومەتی عێراق لە پێدانی مووچەو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان پابەندی یاسای بودجە و بڕیارەکانی دادگا نەبووە.