کورسی کۆتاکان لە عێراق دەستوورییە و لە هەرێمی کوردستانیش نادەستووری

پەرلەمانی عێراق
پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

بەگوێرەی دەستوورە فیدڕاڵییەکەی عێراق، مافی هەر تاکێکی عێراقییە بە هەموو پێکهاتەکانەوە، بە یەکسانی بەشداری لە پرۆسەی سیاسیدا بکەن، بەڵام دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق ئەو ماف رەوایەتییەی لە پێکهاتەکانی کوردستان سەندەوە.

کورسی کۆتاکان، لە نێوان دەستووری بوونی لە عێراق و نادەستووری بوونی لە هەرێمی کوردستان. لە هەر سیستەمێکی فیدڕاڵییدا، هەرێم و دەوڵەت، دوو یەکەی دەستوورین، هەریەکەیان بە دەستوور و یاسای خۆی، کە دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری دەگرێتەوە، دۆخی خۆبەڕێوبەری هەرێم و دەسەڵاتە ناوچەییەکان لە دەستووری دەوڵەتدا دانراوە، هیچکام لەو یاسایانەش بە بڕیاری تاکلایەنەی حکومەتی ناوەندیی و دامەزراوەکانی گۆڕانکاری تێدا ناکرێت.

بەگوێرەی دەستوورە فیدڕاڵییەکەی عێراق، مافی هەر تاکێکی عێراقییە بە هەموو پێکهاتەکانەوە، بە یەکسانی بەشداری لە پرۆسەی سیاسیدا بکەن، جا چ لە پەرلەمان بێت یان ئەنجوومەنی پارێزگاکان. لە ماددەی 20ـی دەستووری عێراقدا هاتووە، کۆی هاووڵاتییان مافی ئەوەیان هەیە بەشداری لە کاروباری گشتیدا بکەن و لە مافە سیاسییەکاندا بەهرەمەند بن، لەوانەش مافی دەنگدان و هەڵبژاردن و خۆ کاندیدکردن.

ماددەی 49 ـش لە بڕگەی یەکەمدا کە پشکی کەمینەکان دیاریدەکات بە دووپاتکردنەوەی ئەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە ژمارەیەک ئەندام پێکدێت بە ڕێژەی یەک کورسی بۆ هەر 100 هەزار کەس لە عێراق کە نوێنەرایەتی تەواوی گەلی عێراق دەکەن، ئەوان هەڵدەبژێردرێن بە دەنگدانی ڕاستەوخۆ، نهێنی، گشتگیر، و نوێنەرایەتیکردنی هەموو پێکهاتەکانی خەڵکی ناوی لەبەرچاو دەگیرێت.

لە پەرلەمانی عێراق لە کۆی 329 کورسی، 9 کورسی پەرلەمانیی وەکو مافی کۆتای پێکهاتەکان دیاریکراوە و لە ئەنجوومەنی پارێزگاکانیشدا لە کۆی 285 کورسی 10 کورسیی ئەنجوومەنەکە بە پێکهاتەکان دەدرێت.

هەرێمی کوردستانیش وەکو ناوچەیەکی ئارام و ئازاد بۆ تەواوی پێکهاتەکان لە دابینکردنی ماف و بەشداریی کردنیان لە بڕیارە گرنگەکانی هەرێمەکە، بە جێبەجێکردنی دەقی دەستوورە فیدڕاڵییەکەی عێراق، پەرلەمانی کوردستان لە 12ــی شوباتی 2009 بڕیاریدا، لە کۆی 111 کورسی، 11 کورسیی پەرلەمانی تایبەت بێت بە پێکهاتەکانی، کلدان، سریان، ئاشووری، نەتەوەی تورکمان و ئەرمەن. كه‌ رێگه‌خۆشكه‌ربوو بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر به‌شداری له‌ پرۆسه‌ی سیاسی و یاساداناندا بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی  داكۆكی له‌ مافه‌كانیان بكه‌ن.