مەناف سەفار: عێراق 20 ساڵە بودجەی حاکیمەی هەرێمی کوردستانی بڕیوە

مەناف سەفار، شرۆڤەکاری ئابووری
مەناف سەفار، شرۆڤەکاری ئابووری

K24 – هەولێر:

شرۆڤەکارێکی ئابووری دەڵێت: پێویستە حکومەتی عێراق بە ئەرێنی لە هەوڵەکانی باشەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕوانێت. هاوکات گوتیشی: عێراق لە رووی داراییەوە بیانوو بە هەرێمی کوردستان دەگرێت.

مەناف سەفار، شرۆڤەکاری ئابووری، لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 رایگەیاند، عێراق 20 ساڵە بودجەی حاکیمەی هەرێمی کوردستانی بڕیوە، هەروەها عێراق تا ئێستا بودجەی پێشمەرگەی نەداوە، لە کاتێکدا ئەوانیش بەشێکن لە سیستەمی بەرگری عێراق.

ئەو شرۆڤەکارە ئابوورییە، راشیگەیاند، ئەگەر حکومەتی عێراق بڕوای بە داتایی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەبێت کە حکومەتی هەرێم بۆیان دەنێرێت ئەی بە چ چاوێک سەیری مووچەخۆرانی هەرێم دەکات!، پێویستە هەژمار بۆ مووچەخۆران لە بانکەکانی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە.

مەناف سەفار، ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هەژماری بانکیان لە هەرێم هەبێت، چ پێویست دەکات هەژمارێکی دیکەیان لە بانکەکانی عێراق هەبێت، بەم کارە عێراق لە رووی داراییەوە بیانوو بە هەرێمی کوردستان دەگرێت.

ئەو شرۆڤەکارە ئابوورییە، دەڵێت: پێویستە حکومەتی عێراق بە ئەرێنی لە هەوڵە باشەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕوانێت، چونکە حکومەتی هەرێم زۆر جدییە لە چاکسازی.

مەناف سەفار، گوتی: هەولێر هەموو پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بە بەغدا جێبەجێ کردووە، بەڵام ئەوە بەغدایە پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بە هەولێر جێبەجێ ناکات. ناوبراو گوتیشی: راگرتنی بودجە بۆ هەرێم دەستی لە پشتە.