پێنتاگۆن سەبارەت بە دابینکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ هەرێمی کوردستان وەڵامی کوردستان24 دەداتەوە

پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن"
پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن"

K24 – واشنتن:

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" لە وەڵامی پەیامنێری کوردستان24 ئاشکرایکرد، داوا لە کۆنگرێس دەکەین بودجەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ هەرێمی کوردستان پەسەند بکات.

ئەمڕۆ سێشەممە (12ـی ئاداری 2024) پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، لە وەڵامی عیسا حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، چاوەڕێن بودجەی 2024 تێپەڕێندرێت لەم رووەوە ئەمە دەبێتە هەنگاوی یەکەم.

گوتەبێژی پێنتاگۆن دەڵێت: ئێمە داوا لە کۆنگرێس دەکەین بودجەکە پەسەند بکات و، کاتێک بودجەکە پەسەند کرا ئەو کات وردەکاری زیاتر لەسەر ئەو بابەتە باس دەکەین.

پێشتریش جەنەراڵ ئیرنی ئۆدینۆ، جەنەراڵی پێشوو لە سوپای ئەمەریکا بە کوردستان24ی راگەیاندبوو، پێویستە واشنتن دەستەبەری ئاسایشی هەرێمی کوردستان بکات، هەربۆیە سەد لەسەد لەگەڵ ناردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانیدان بۆ هەرێمی کوردستان.

جەنەراڵ ئیرنی ئۆدینۆ باسی لەوەکردبوو، هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی مەزنی ئەمەریکایە و ئێستا پێویستییان بە سیستەمی بەرگری ئاسمانی هەیە، چونکە لەژێر هەڕەشەی چەندبارەبووەوەی ئێران و نزیکەکانی ئێراندان.

لە ئەگەری ناردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە ئەمەریکاوە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەو جەنەراڵە ئەوەی خستبووەڕوو، پێنتاگۆن بە دوو رێگا دەتوانێت سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە هەرێمی کوردستان جێگیر بکات، یەکەم رێگا بە راهێنانی هێزەکانی پێشمەرگە لەسەر بەکارهێنانی سیستەمەکە، دووەم رێگاش ئەوەیە کە ئەمەریکییەکان خۆیان لەو ناوچەیە سەرپەرشتی بەکارهێنانی سیستەمەکە بکەن.

لیژنەی ئاسایش و بەرگریی کۆنگرێسی ئەمەریکا بڕگەیەکی بۆ هەمواری یاسای وەزارەتی بەرگریی 2024ـی زیاد کردووە و داوا دەکات سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بە هێزەکانی پێشمەرگە بدرێت، لای خۆیەوە گوته‌بێژی پێشووی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش ئاماژەی‌ به‌وه‌کردبوو، ئه‌مه‌ریكا ئامانجییه‌تی هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ رابگرێت.