كرێی نیشته‌جێبوون له‌ ئێران سەدا 540 به‌رزبووه‌ته‌وه‌

كرێی نیشته‌جێبوون له‌ ئێران سەدا 540 به‌رزبووه‌ته‌وه‌
كرێی نیشته‌جێبوون له‌ ئێران سەدا 540 به‌رزبووه‌ته‌وه‌

K24 - هەولێر

بەپێی ڕاپۆرتێکی ناوەندی ئاماری ئێران لە ماوەی 10 ساڵدا کرێی مانگانەی یەک مەتر یەکەی نیشتەجێبوون لەو وڵاتە نزیکەی لە سەدا 540 به‌رزبووه‌ته‌وه‌.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران دەربارەی پێوەرەکانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لەو وڵاتەدا، بڕی کرێی مانگانەی خانوو لەگەڵ سەدا 3 سپاردەی دەستەبەر بۆ یەک مەتر لە تاران لە ساڵی 2012 تا ساڵی 2022 نزیکەی سەدا 540 گران بووە. لە بەرانبەردا ڕێژەی داهاتی خێزانەکان بەراورد بە تێکڕای نرخی خانوو هەڵکشان و داکشانی زۆر بووە و لە ساڵی 2022دا گەیشتووەتە سەدا 10.1.

ڕاپۆرتەکە بەپێی پێوەرەکانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دەری دەخات کە ساڵی 2011 تێکڕای کرێی مانگانەی خانوو لەگەڵ سەدا 3 سپاردەی دەستەبەر بۆ یەک مەتر لە تاران 13888 تمەن بووە. ئەم پێوەرە لە ساڵی 2012دا گەیشتووەتە 22112 تمەن و تا ساڵی 2021 بۆ 63000  تمەن هەڵکشاوە. هەروەها لە ساڵی 2022دا نزیکەی 89000 تمەن تۆمارکراوە. واتا ئەم پێوەرە لە ساڵی 2012 تا ساڵی 2022 بۆ هەر مەترێک نزیکەی سەدا 540 گران بووە.

ئێستا بەپێی ئامارەکە بەشی یەکەی نیشتەجێبوون لە سەبەتەی تێچووەکانی خێزانی ئێرانیدا لە تاران سەدا 50 و لە شارەکانی دیکەی ئەو وڵاتە سەرووی سەدا 36ـە.

لە ساڵی 2017ـەوە کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمەریکا ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ئێرانی هەڵوەشاندەوە و گەمارۆکانی گەڕاندەوە سەر ئێران، ئابووریی ئەو وڵاتە تووشی قەیرانی قووڵ بوو، ئیتر نرخەکان بەراورد بە داهاتی خەڵک بە شێوەیەکی بەرچاو هەڵکشان.

بەپێی ڕاپۆرتەکە کەلکەلەی هەموو هاووڵاتییەکی ئێران دابینکردنی سەرپەنایە، بەڵام ئێستا نەک هەر نرخی کڕینی خانوو لە توانای دارایی خەڵک بەدەرە، بگرە کرێی خانوویەک بۆ خێزانێکی 4 کەسی لە ناوەندی شاری تاران یەکسانە بە مووچەی کەسێک بەپێی مووچەی دیاریکراو لەلایەن وەزارەتی کارەوە.