نەجیبە نەجیب: هەرکاتێک بەغدا خۆی بەبەهێز ببینێت رێگەی دیپلۆماسیش لەگەڵی سوودی نییە

K24 - هەولێر

پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراق دەڵێت: سەرەڕای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی کە فەرمانی کرد، دەبێت حکومەتی عێراقی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، تاوەکو ئێستا مووچەی فەرمانبەرانیان نەناردووە.

نەجیبە نەجیب، ئەندامی پێشووتری عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەداخەوە بابەتی مووچە بووەتە هەواڵی دەزگاکانی راگەیاند، ئێمە وا لەساڵی 2024داین تاوەکو ئێستا کێشەی مووچەی فەرمانبەران چارەسەرنەکراون.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند لەسەر دۆسیەی نەوت و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی کە فەرمانی کرد دەبێت حکومەتی عێراقی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، سەرەڕای ئەوەش تاوەکو ئێستا مووچەی فەرمانبەرانیان نەناردووە کە ئەوەش کاریگەری لەسەر دۆخی فەرمانبەران و ئابووری هەرێمی کوردستان هەیە.

نەجیبە دەشڵێت: ئەوان سیاسەتێکیان دژی هەرێمی کوردستان پەیرەو کردووە و ئێستاش جێبەجێی دەکەن، هەروەها ئەو هەرێمە بە بڕیاری بەغدا دروست نەبووە بەڵکو بە روباری خوێن دروست بووە، بەڵام بەداخەوە 100 ساڵە عێراق دروست بووە عەقلیەتی رژێم دوای رژێمەکان تاوەکو ئێستا دژی کورد بەردەوامە.

پەرلەمانتارەکەی پێشووتر گوتیشی: لەسەدا سەد بڕیارەکانی عێراق سیاسیین، چونکە هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی ناردووە، دەشڵێ: بۆ تاوەکو مانگی یەکی ئەمساڵ کە 618 ملیارەکەیان ناردووە بەبێ مەرج بووە، بۆ فەرمانبەرانی خۆیان بە کاش مووچە وەردەگرن بەڵام مەرجی "تەوتین" بۆ فەمانبەرانی هەرێمی کوردستان دادەنێن.

جەختیشی کردەوە، خاڵێکی گرنگ ئەوەیە عێراق بێ پارە نییە، ئەوەتە بودجەیەکی زەبەلاحی پەسەند کردووە، کە نزیکەی 200 ترلیۆنە، هەروەها رۆژانە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات. وە داهاتی نەوتی نانەوتی هەرێمی کوردستان لەدەستی بەغدایە.

نەجیبە راشیەگەیاند، بەغدا هەرکاتێک خۆی بەبەهێز ببینێت، ئەوە رێگەی دیپلۆماسیش لەگەڵی سوودی نییە، تەنیا ئەگەر ببینێت هەرێمی کوردستان بەهێز بێت، بەهێزی کوردستانیش لەرێگەی یەک ریزی لایەنەکانەوە دەبێت. ئەوکاتیشی بەغدا ناچارە دەستوور جێبەجێ بکات.