د. ناسر هەرکی: دادگای فیدراڵی لەسەر بنەمایەکی نادەستووری دامەزراوە

د. ناسر هەرکی، پسپۆڕی ئەمنی و بڕیاردەری پێشووی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق
د. ناسر هەرکی، پسپۆڕی ئەمنی و بڕیاردەری پێشووی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

بڕیاردەری پێشووی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەسەر بنەمایەکی نادەستووری دامەزراوە". ئاماژە بەوەش دەدات، "ئەوانەی ئێستا دادگای فیدراڵی بەڕێوەدەبەن هەرگیز بڕوایان بە یاسا و دەستوور نەبووە".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14-03-2024، د. ناسر هەرکی، پسپۆڕی ئەمنی و بڕیاردەری پێشووی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، "دادگای باڵای فیدراڵی لەسەر بنەمایەکی نادەستووری دامەزراوە. ئەگەر لە داهاتوودا دادگایەکی نیشتمانی لە عێراق دابمەزرێنرێت کە باوەڕی بە دەستوور، دیموکراسی و پێکەوەژیان هەبێت؛ هەموو بڕیارەکانی هەڵدەوەشێنێتەوە".

بە گوتەی د. ناسر هەرکی، "ئەوانەی ئێستا دادگای فیدراڵی بەڕێوەدەبەن خاوەن بڕیارن و هەرگیز بڕوایان بە یاسا و دەستوور نەبووە". گوتیشی، "دادگای فیدراڵی نەک کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقی چارەسەرنەکردووە، بەڵکوو بووەتە هۆکاری سەرهەڵدانی کێشەی نوێ لەنێوان هەردوولا".

وەکو ئەوەی ئەو پسپۆڕە ئەمنییە باسی کرد، "بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی سەربەخۆ نین و هەندێک لایەن لە دەرەوە فەرمانی پێ دەکەن. زۆرینەی بڕیارەکانی دژی قەوارەی هەرێمی کوردستانن و ئامانجی سەرەکی لاوازکردنی قەوارە دەستوورییەکەی هەرێمی کوردستانە".

بڕیاردەری پێشووی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، "نیازی دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق لەسەر بنەمایەکی دیموکراتی، پەرلەمانی، پێکەوەژیانی نەتەوەکان و هاوبەشی نییە. هەموو نیازیان ئەوەیە چۆن بتوانن ئیرادەی خۆیان بەسەر هەموو پێکهاتەکانی عێراقدا فەرز بکەن".

بڕیاردەری پێشووی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەگەر پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا باش نەبن، عێراق سەقامگیر نابێت. ئەگەر عێراقیش سەقامگیر نەبێت، داهاتووەکەی دەکەوێتە مەترسییەوە".  

ئەمە لە کاتێکدایە، دادگای فیدڕاڵی عێراق لە سەرەتای دروستبوونییەوە بە بڕیارێکی وزاری لە ساڵی 2005 کە دروستبوونی لە قۆناغی حوکمی راگوزەر پێش نووسینەوەی دەستووری نوێی عێراق بوو، بەگوێرەی ماددەی 92ـی دەستوور، دادگاکە تاوەکو ئێستا نەهاتووەتە نێو بازنەی دەستووری دەوڵەتە فیدڕاڵییەکەوە، کەچی بە بڕیارە سەپێنراوەکانی لە دژایەتی کردنی قەوارەی فیدڕاڵی هەرێمی کوردستان و نەتەوە و پێکهاتەکانی دیکەی عێراقی فیدڕاڵ بەردەوامە.

ئەمە جگە لەوەی چەند بڕیارێکی ناڕوونیشی سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەرکرد کە بووە بە هۆکاری ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و ئەو بڕیارانە کراونەتە بیانووی جیاواز بۆ نەناردنی بودجە و مووچە بۆ هەرێمی کوردستان.