بەریتانیا سێ هەزار پاوەند دەداتە پەنابەران

K24 - هەولێر

حکومەتی بەریتانیا پلانی داناوە سێ هەزار پاوەند کە دەکاتە "3836" دۆلار بداتە هەر پەنابەرێک کە بە خۆبەخشانە بچێتە رواندا، ئەمەش بۆ ئەوەیە کۆتایی بەکەیسی ئەو پەنابەرانە بهێنن کە داواکردنی مافی پەنابەریان رەتکراوەتەوە.

رێککەوتنە نوێیەکە لەگەڵ رواندا جیاوازە لەو پلانەی حکومەتی بەریتانیا بۆ راگواستنی بە زۆرەملێی پەنابەران بۆ رواندا، کە دادگای باڵای بەریتانیا ساڵی رابردوو بە نایاسایی ناوی برد.

بەڵکو ئەم پلانە هاوتەریبە لەگەڵ سیاسەتێکی ئێستای حکومەت کە هاوکاری دارایی پەنابەران دەکات بۆ ئەوەی بەریتانیا بەجێبهێڵن، بەڵام بەپێی ئەو پلانە نوێیە پارە وەردەگرن ئەگەر رازی بن روو لە رواندا بکەن.

لە بەریتانیا دەیان هەزار پەنابەر هەن کە داواکاری مافی پەنابەرییان رەتکراوەتەوە، بەڵام ناتوانرێت دیپۆرتبکرێنەوە، چونکە حکومەت رێگەی پێنادرێت خەڵک بگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتێک کە بەهۆی شەڕەوە وێران بووە یان وڵاتێک کە پێشینەی مافی مرۆڤی خراپە.

ریشی سوناک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، زۆر پشتی بە بەدەستهێنانی متمانەی دەنگدەران بەست لە رێگەی بەڵێنەکانیەوە بۆ وەستاندنی هاتنی پەنابەران، کە بە شێوەیەکی نایاسایی بە بەلەمی بچووکەوە دەگەنە کەنارەکانی باشووری ئینگلتەرا.

بەپێی ئەم پلانە، حکومەت دەیەوێت هەزاران کەس بنێرێت بۆ رواندا، بەڵام دادگای باڵا ساڵی رابردوو بڕیاریدا کە ئەو سیاسەتە نایاساییە، چونکە یاساکانی مافی مرۆڤی بەریتانیا و نێودەوڵەتی پێشێلکردووە.

حکومەتی سوناک لە رێگەی پەرلەمانەوە کار لەسەرپەسەند کردنی پرۆژەیەک دەکات، کە رێگری لە دەکات لەوەی رواندا وەک وڵاتێکی سەلامەت بۆ پەنابەران هەژمار بکرێت.

سوناک ئاماژەی بەوەشکرد، دەیەوێت لەماوەی چەند مانگی داهاتوودا یەکەمین گەشتی دیپۆرتکردنەوە بڕوات، پێش هەڵبژاردنی گشتی کە بڕیارە نیوەی دووەمی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی بتوانێت بەڵێنەکەی جێبەجێ بکات کە گوتبووی "بەلەمەکان دەوەستێنێت".