ئەیاد کاکەیی: دادگای فیدراڵی نەیتوانیوە ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان چارەسەربکات

ئەیاد کاکەیی، پسپۆڕی یاسایی و دەستووری
ئەیاد کاکەیی، پسپۆڕی یاسایی و دەستووری

K24 - هەولێر

پسپۆڕێکی یاسایی و دەستووری رایدەگەیەنێت، "دادگای فیدراڵی نەیتوانیوە ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان چارەسەربکات، بەڵکوو بووەتە هۆکارێک بۆ دروستبوونی ناکۆکیی لە نێوان لایەنەکانی عێراق". دەشڵێت، "بوونی دادگای فیدراڵی نادەستوورییە".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14-3-2024، ئەیاد کاکەیی، پسپۆڕی یاسایی و دەستووری بە کوردستان24ـی راگەیاند، "هەموومان چاومان لەوە بوو دادگای فیدراڵی رۆڵی شیکردنەوەی یاساکان ببینێت، بەڵام بەداخەوە ئێستا رۆڵی پەسەندکردن و جێبەجێکردنی یاساکان دەبینێت. ئەمەش ئێمەی نیگەران کردووە".

ئەیاد کاکەیی گوتی، "ئەگەر دادگای فیدراڵی بەم شێوەیەی ئێستای بەردەوام بێت لە دژدایەتیکردنی هەرێمی کوردستان، بوون و نەبوونی پەرلەمانی کوردستان وەکو یەک دەبێت. پەرلەمانی عێراقیش بەهەمان شێوە. ئێستا دادگاکە بە هەموو شێوەیەک هەوڵی لاوازکردنی هەرێمی کوردستان دەدات".

وەکو ئەوەی ئەو پسپۆڕە یاسایی و دەستوورییە خستیەڕوو، "لە هەموو وڵاتان دادگا فیدراڵییەکان، کەمترین سکاڵا وەردەگرن، کەچی تەنها لە ساڵی 2023، زیاتر لە 350 سکاڵا لە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق تۆمارکراون، ئەمەش ئەو مانایە دەگەیەنێت کە دادگاکە رۆڵی دادگایەکی بەرایی دەبینێت و لە کارە سەرەکییەکەی کە شیکردنەوەی یاساکانە لایداوە".

ئەو پسپۆڕە یاسایی و دەستوورییە ئاماژەی بەوەش کرد، "بوونی دادگای فیدراڵی و ئەو بڕیارانەی لە ماوەی ساڵانی رابردوودا دەریکردوون، نادەستووریین. دادگاکە لەجیاتی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان، بووەتە هۆکارێک بۆ دروستبوونی ناکۆکییەکان لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق".

ئەمە لە کاتێکدایە، دادگای فیدڕاڵی عێراق لە سەرەتای دروستبوونییەوە بە بڕیارێکی وزاری لە ساڵی 2005 کە دروستبوونی لە قۆناغی حوکمی راگوزەر پێش نووسینەوەی دەستووری نوێی عێراق بوو، بەگوێرەی ماددەی 92ـی دەستوور، دادگاکە تاوەکو ئێستا نەهاتووەتە نێو بازنەی دەستووری دەوڵەتە فیدڕاڵییەکەوە، کەچی بە بڕیارە سەپێنراوەکانی لە دژایەتی کردنی قەوارەی فیدڕاڵی هەرێمی کوردستان و نەتەوە و پێکهاتەکانی دیکەی عێراقی فیدڕاڵ بەردەوامە.

ئەمە جگە لەوەی چەند بڕیارێکی ناڕوونیشی سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەرکرد کە بووە بە هۆکاری ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و ئەو بڕیارانە کراونەتە بیانووی جیاواز بۆ نەناردنی بودجە و مووچە بۆ هەرێمی کوردستان.