نزار تەمەر: چەندین ساڵە حکومەتی عێراق بودجەی بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە لە هەرێمی کوردستان نەناردووە

نزار تەمەر، بەڕێوەبەری گشتیی پلان لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان
نزار تەمەر، بەڕێوەبەری گشتیی پلان لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری گشتیی پلان لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایدەگەیەنێت، ساڵانە لەسەر بودجەی وەزارەتەکەیان زیاتر 75 ملیار دینار بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان خەرج دەکەن. دەشڵێت، "چەندین ساڵە حکومەتی عێراق یەک دیناریشی بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی هەرێمی کوردستان نەناردووە". 

سەرەڕای قەیرانی دارایی و نەناردنی بودجە و شایستە داراییەكی ھەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراق، بەڵام حكومەتی ھەرێمی كوردستان خزمەتگوزارییەكانی نەوەستاندووە.

یەکێک لەو خزمەتگوزارییانە پاکردنەوەی شەقام و شار و کۆڵانەکانە، ئەو زبڵ و خاشاكەی فڕێدەدرێت، لەلایەن شارەوانییەکانەوە کۆدەکرێتە و و لە شوێنی دیاریكراو فڕێ دەدرێت.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەنیا لە یەک رۆژدا شەش هەزار و 722 تۆن زبڵ و خاشاک لە هەرێمی کوردستان کۆدەکرێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14-3-2024، نزار تەمەر، بەڕێوەبەری گشتیی پلان لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ساڵانە حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو ملیار دینار بۆ دابینکردنی ئاوی پاک بۆ هاووڵاتییان خەرجدەکات. هاوکات 10 ملیار دیناری دیکە بۆ کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک.

 بەڕێوەبەری گشتیی پلان لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەش کرد، بە شێوەیەکی گشتی ساڵانە وەزارەتی شارەوانی لەسەر ئەو بودجەیەی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆی دیاریکراوە، زیاتر لە 75 ملیار دینار لە دابینکردنی ئاوی پاک، کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک، چاککردنەوەی رێگاوبانەکان و خزمەتگوزارییەکانی دیکە خەرج دەکات.

بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی پلان لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، "ماوەی چەندین ساڵە حکومەتی عێراق یەک دیناریشی بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی هەرێمی کوردستان خەرجنەکردووە". گوتیشی، "بەبپێی ئەو توانا ماددیییەی لەبەردەستمان بووە، بەردەوام خزمەتگوزاریمان پێشکەشی هاووڵاتییان کردوون".  

ئەمە لە کاتێکدایە بە گوێرەی ئامارەکانی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، لە ماوەی چوار ساڵی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تەنیا لەسەر داهاتی شارەوانییەكان و پێشنیەی فەرمانگەكانمان لە لایەن دامودەزگەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە زیاتر لە 1790 پرۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاریی بە گوژمەی 106,496,317,316 دینار لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ كراون، هاوكات ژمارەیەك پرۆژەی تری گەورەی خزمەتگوزاری لەسەر بودجەی حكوومەت و وەزارەت تەواو كراون.