زۆرینەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان و پێکهاتەکانی عێراق بوون

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، لە ماوەی کەمتر لە 7 ساڵی رابردوودا؛ چەندین بڕیاری دژ بە قەوارەی هەرێمی کوردستان و پێکهاتەکانی دیکەی عێراق دەرکردووە.

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە سەرەتای دروستبوونییەوە بە بڕیارێکی وزاری لە ساڵی 2005 کە دروستبوونی لە قۆناغی حوکمی راگوزەر پێش نووسینەوەی دەستووری نوێی عێراق بوو، بەگوێرەی ماددەی 92ـی دەستوور، دادگاکە تاوەکو ئێستا نەهاتووەتە نێو بازنەی دەستووری دەوڵەتە فیدڕاڵییەکەوە، کەچی بە بڕیارە سەپێنراوەکانی لە دژایەتیکردنی قەوارەی فیدڕاڵی هەرێمی کوردستان و نەتەوە و پێکهاتەکانی دیکەی عێراقی فیدڕاڵ بەردەوامە.

بڕیاره‌كانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق له‌دژی هه‌رێمی كوردستان و نەتەوە و پێکهاتەکانی دیکە لە ساڵی 2017ــەوە تاوەکو کۆتاییەکانی مانگی دووی ئەمساڵ ئەمانەن:

- لە رێککەوتی 20/11/2017 دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق ریفراندۆمی هەرێمی کوردستانی به‌ نادەستووری هەژمارکرد و ئەنجامەکەی هه‌ڵوه‌شانده‌وه.‌

- لە 2022/2/15 یاسای نەوت و گازی بە نادەستووری و نادادپەروەرانە له‌ قه‌ڵه‌مدا.

- لە 4/10/2022 كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان و راپرسی هەرێمی کوردستانی به‌ ناده‌ستووریی دانا.

- لە 25/1/2023 رەوانەکردنی پارەی بۆ هەرێمی كوردستان بە پێچەوانەی یاسا و ماددەکانی دەستوور دانا.

- لە 30-5-2023 درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ساڵی پێنجه‌م هەڵوەشاندەوە.

- لە 28-8-2023 سزای ئەو کەسانەی هەڵوەشاندەوە کە رێگرییان لە کردنەوەی بارەگا لایەنە سیاسییەکانی کەرکوک ده‌کرد.

- لە 3-9-2023 راگرتنی رادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک بە پارتی دیموکراتی کوردستان

- لە 14-11-2023 بڕیارێکی دژ بە پێکهاتەی سوننە دەرکرد و محه‌ممه‌د حه‌لبووسی له‌ سه‌رۆكایەتیکردنی په‌رله‌مانی عێراق دوورخستەوە.

- لە 21-2-2024 بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی 11 كورسی کوتاکان و كه‌مكردنه‌وه‌ی کورسی پەرلەمانی کوردستان بۆ 100 کورسی. ئەمە جگە لەوەی بڕیاریدا لەجێی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان و راپرسی هەرێمی کوردستان؛ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان به‌ڕێوەببات و هەرێمی کوردستانی بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردن دابەشكرد.

هەروەها دادگاکە چەند بڕیارێکی ناڕوونی لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانەی هەرێم دەرکرد کە بووە هۆکاری ئاڵۆزبوونی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.