ئەمەریکا: دۆخی سوودان دەبێتە ژینگەیەکی لەبار بۆ تیرۆر

K24 - هەولێر

ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا هۆشدارییان داوە لە مەترسییەکانی دۆخی سوودان، کە ببێتە ژینگەیەکی لەبار بۆ چالاکی تۆڕە تیرۆریستییەکان و گرووپە تاوانکارییە نێودەوڵەتییەکان، ئاماژەیان بەوەشکردووە، ترسیان هەیە لەوەی شەڕی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا زیاتر درێژببێتەوە.

ماڵپەڕی "سوودان مۆنیتەر" ڕایگەیاند، نووسینگەی هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی هەڕەشەکان بۆ ساڵی 2024دا بڵاویکردووەتەوە و هۆشداری داوە لەوەی سوودان ببێتە "پەناگەیەک بۆ تیرۆر".

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە "بەردەوامی ململانێکان لە سوودان، بەهۆی هەڵکەوتەی لە نێوان ئەفریقا، ناوچەی کەنار و باکووری ئەفریقا، ڕەنگە جارێکی دیکە ژینگەیەکی لەبار بۆ تۆڕە تیرۆریستی و تاوانکارییەکان دابین بکات".

ڕاپۆرتەکەی هەواڵگریی ئەمەریکا پێشبینی دەکات لقەکانی داعش و قاعیدە بەردەوام بن لە فراوانبوون لە کیشوەری ئەفریقا، لەنێویاندا زیادبوونی چالاکییەکانی داعش لە ڕۆژئاوای سوودان.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەشهاتووە: "داعش لە بیابانی گەورە و لە ڕۆژئاوای ئەفریقا بەشدارە لە ناسەقامگیری، حکوومەتەکانیش مەزهەبییەکان لەگەڵ ئەو گروپانەی کە بەدەست پەراوێزخستنەوە گرفتارن. بەکاردەهێنێت، بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوت، بەتایبەتی لە نەیجیریا و ناوچەی کەنار".

جگە لەوەش، سندووقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان "یونسێف" هۆشداریدا لە ئەگەری کارەساتی مرۆیی لە سوودان، لە کاتێکدا بەهۆی شەڕی ناوخۆوە دۆخی برسێتی خراپتر دەبێت.

لە 15ـی نیسانی 2023، شەڕ لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا ڕوویدا کە دەیان هەزار کەس کوژراون و  ملیۆنان کەسیش ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بوون.