لە تەمەنی 76 ساڵیدا خۆی فێری نووسین و خوێندنەوەی کوردی دەکات

K24 - هەولێر

لە گوندێکی سەر بە شاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هاووڵاتییەک لە تەمەنی 76 ساڵیدا بە هۆی پەرۆشیی بۆ زمانی کوردی چووەتە فێرگەیەک و خۆی فێری خوێندن و نووسینی زمانی کوردی کردووە و بڕوانامەی شانازیی پێبەخشراوە.

عەبدوڵڵا ئامنە دەڵێ: ئەم ساڵ من چوومە کڵاس و بە شانازییەوە فێری خوێندنەوە و نووسینی زمانی کوردی بووم، کە زمانی دایکە و دەبێت هەموومان هەوڵی خۆ فێرکردنی بدەین و بە کوردی بایەخ بە  گفتووگۆ و ڕاوێژ  بە یەکتر بدەین.

ئەم هاووڵاتییە کوردە هەر چەندە نەخۆشی درێژخایەنیشی هەیە، بەڵام ڕۆژانە چەند کاتژمێرێک سەرقاڵی خوێندنەوەی کتێبی کوردییە و دەڵێت: "بە فێربوونی زمانی کوردییەوە دەژیم و ئەگەر ئەوە نەبووایە، ڕەنگە نەمتوانی بووایە لە ژیان بەردەوام بم".

عەبدوڵڵا ئامنە دەڵێ: 10 ساڵ لەمەوپێش ئاواتم بوو فێری خوێندنەوە و نووسینی کوردی بم، بەڵام بە داخەوە هیچ شوێنێک نەبوو، ئەم ساڵ فێرگەیەک کرایەوە و بەشداریم کرد، سەرکەوتوو بووم و بڕوانامەی شانازییان پێدام کە لە ئاستی شنۆدا یەکەمم.

خوێندنی قوتابخانەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوشێوەی ئێران بە زمانی فارسییە و بەو پێیەی فارسی زمانی فەرمیی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەڵام بەهۆی خواستی هاووڵاتییانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ فێربوونی خوێندن و نووسین بە زمانی دایک لەم چەند ساڵەی دوایی چالاکییە ڕۆشنبیرییەکان لە ناوەندە ئەدەبییەکانەوە چووە قۆناغێکی دیکە و لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەندین فێرگەی خوێندنی وانەی کوردی کرانەتەوە.

هەر لە چوارچێوەی ڕێگرییەکانی فێربوونی زمانی دایک لە لایەن حکوومەتی ئێران، زارا محەممەدی لە دایکبووی 1990، چالاکی ڕۆشنبیریی و مامۆستای زمانی کوردی لە سەر گووتنەوەی زمانی کوردی لە ئایاری 2019 لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەستگیر کرا و لە دادگای ئینقلاب لە سنە بە پاساوی دژایەتیی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، سزای 10 ساڵ زیندانی بۆ دەرکرا. پاش زیاتر لە ساڵێک زیندانی بوون لە گرتووخانەی چاکسازیی و پەروەردەی سنە ڕۆژی (10ی شوباتی 2023) ئازاد کرا.