پارتی هۆکاری بڕیارەکەی بۆ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن بۆ نوێنەرانی دیپلۆماسی وڵاتان رووندەکاتەوە

کۆبوونەوەی هێمن هەورامی لەگەڵ کونسوڵی وڵاتان
کۆبوونەوەی هێمن هەورامی لەگەڵ کونسوڵی وڵاتان

K24 – هەولێر:

دوای بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەهۆی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییەوە، هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی لەگەڵ کونسوڵ و نوێنەرانی دیپلۆماسی وڵاتانی جیهان لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

رۆژی سێشەممە (19ـی ئاداری 2024) هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ هەریەکە لە لە کونسوڵە گشتییەکانی بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتالیا، چیک، هۆڵەندا، یۆنان، پۆلۆنیا، هەنگاریا، بولگاریا، بەرپرسی یەکێتی ئەوروپا لە هەولێر و بەرپرسی یونامی لە هەولێر کۆبووەوە بۆ پێشکەشکردنی شیکردنەوە و روونکردنەوەی زیاتری دوایین بەیاننامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی.

پێشتریش هێمن هەورامی بۆ گەیاندنی هەڵوێست و بۆچوونی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر دوایین پەرەسەندنە سیاسیەکان و بەیاننامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی، لەگەڵ هەر یەکە لە کونسوڵە گشتییەکانی ئەمەریکا، رووسیا، چین و تورکیا لە هەولێر کۆبووەوە.

هەر بۆ هەمان مەبەست، هێمن هەورامی لەگەڵ کونسوڵە گشتییەکانی میسر، ئیمارات، سعوودیە، قەتەر، ئوردن و فەڵەستین کۆبووەوە، هۆکارەکانی راگەیاندنی دوایین هەڵوێستی پارتی لەبارەی هەڵبژاردنەوە بۆ روونکردنەوە.

رۆژی (18ـی ئاداری 2024) مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەڕپرسیارێتیی نیشتمانی لە جێبەجێنەکردنی دەستوور و سەرجەم خاڵەکانی رێککەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، بەپێچەوانەشەوە ناتوانین لە پرۆسەی سیاسیدا بەردەوام بین".

سەبارەت بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، مەکتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاندووە: "بە بەرژەوەندی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێرباری پەسەندکردنی بریاری نادەستووریی و سیستمێکی سەپێندراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداری هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێندراودا بەڕێوەبچێت".

0
0
0
0
0
0
0