کونسوڵی رووسیا لە هەولێر: نەورۆز سیمبولی خەباتە لەپێناو ئازادی و بەرەنگاربوونەوەی زۆرداری

ماکسیم روبین، کونسوڵی گشتی رووسیا لە هەولێر
ماکسیم روبین، کونسوڵی گشتی رووسیا لە هەولێر

K24 – هەولێر:

کونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەولێر بە بۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان دەکات و دەڵێت: پیرۆزبایی ئەم جەژنە نیشتمانییەتان لێ دەکەم و هیوای بەدیهێنانی ئاواتە بەرزەکانتان بۆ دەخوازم.

ئەمڕۆ چوارشەممە (20ـی ئاداری 2024) ماکسیم ڕوبین، کونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەولێر، لە پەیامێکدا بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە ڕایگەیاند: جەژنی نەتەوەیی نەورۆز، گوزارشت لە نوێبوونەوەی سروشت و دڵخۆشی و خۆشگوزەرانی دەکات، ئەمانە نەریتە دێرینەکانی باوباپیرانمانن، بەرجەستەکردنی سەرکەوتنی ژیانە بەسەر ستەم و نادادپەروەری دڕندانەدا.

کونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەولێر، دەڵێت: "پیرۆزبایی ئەم جەژنە نیشتمانییە لە خەڵکی کوردستان دەکەم و هیوای بەدیهێنانی ئاواتە بەرزەکانتان بۆ دەخوازم".

ماکسیم ڕوبین، ئاماژەی بەوەدا، نەورۆز؛ سومبولی خەباتی سەرسەختانەیە لە پێناو ئازادی و بەرەنگاربوونەوەی زوڵم و زۆرداری، چونکە لە رۆژێکی ئاوادا، کاوەی ئاسنگەری پاڵەوانی ئەفسانەیی، زوڵم و زۆرداری تێکشکاند.

کونسوڵی گشتی ڕووسیا لە هەولێر، گوتی: لەم ڕۆژەدا ئاگری نەورۆز، کە زیاتر لە 2000 ساڵ لەمەوبەر هەڵگیرسێندرا، بەردەوامە و لە ڕۆحی نەتەوەی کورددا دەگەشێتەوە!.

گوتیشی: من بە متمانەوە لەو باوەڕەدام، کە هاوکاریی دوولایەنەمان بەپێی بەرژەوەندیی هاوبەشی نێوان گەلەکانمان، فراوانتر دەبێت، با پەیوەندییەکانمان لەسەر بنەمای بەها ڕۆحییە هاوبەشەکان و مێژوو و دۆستایەتی گەشە بکات.

لەم ڕۆژە پڕشنگدارەدا، بەناوی کونسوڵخانەی گشتیی ڕووسیای فیدراڵ و خۆم بەتایبەتی، پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە گەلی کورد دەکەم، هیوای، تەندروستییەکی باش و هێز و توانا بۆ بەرگەگرتنی هەموو ناخۆشییەکان، ئاشتی و ئارامیتان بۆ دەخوازم.