کەشناسی پێشبینی لێزمە باران لە هەولێر و گەرمیان دەکات

کەشوهەوا
کەشوهەوا

K24 - هەولێر

بەشی پێشبینی بەڕێوەبەرایەتىی گشتىی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانى هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و ئاماژەی داوە، ئەگەر هەیە سبەینێ هەینی، لە سەنتەری هەولێر و دەوروبەری و لە سنووری ئیدارەی گەرمیان بۆ ماوەیەکی کەم بارانی بە لێزمە ببارێت.

بە گوێرەی پێشبینییەکان، کەشوهەوای ئەمڕۆ پێنجشەممە (21ی ئاداری 2024)، ئاسمان هەورى تەواو و لە ناوچە شاخاوییەکانیش نمە باران دەبێت، بەڵام لە کاتەکانی ئێوارە بۆ ماوەیەکی کەم  لە هەولێر و دهۆک و دەوروبەری ئەگەری گۆڕانی بۆ تاوە باران و هەورە بروسکە هەیە.

هەروەها ئاراستەی با ڕووەو باشووری ڕۆژهەڵات دەبێت و خێراییەکەشی بە مامناوەند دیاریکراوە کە لە 15 تا 20 کم دەبێت لە هەر کاتژمێرێکدا، بەڵام هەندی کات چالاک دەبێ بۆ سەروی 30 کم لە کاتژمێرێکدا.

سەبارەت بە پێشبینییەکانی سبەینێ هەینی (21ی ئاداری 2024)،لە بەرەبەیاندا ئاسمان هەورى تەواو دەبێت و سەرەتا لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای هەرێمی کوردستان نمە باران دەست پێدەکات، پاشان کاریگەرییەکە بۆ تەواوی هەرێم فراوان دەبێت و بەفرێکی کەم لە ناوچە شاخاوییە سنووریەکان دەبارێت.

هەر بە گوێرەی پێشبینییەکان لە دوایی نیوەڕۆی هەینی شێوەی دابارینەکە بۆ تاوە باران و هەورە بروسکە دەگۆڕێت، بەجۆرێک هەندێ کات لە سەنتەری هەولێر و دەوروبەریی و لە دەڤەری گەرمیاندا بۆ ماوەیەکی کەم پێشبینی لێزمە باران دەکرێت.

هەروەها ئاراستەی با بەردەوام دەبێت لە گۆڕان و خێراییەکەی لە هەر کاتژمێرێکدا لە  15 بۆ 20 کیم دەبێت، هەندێک کات خێراییەکەی چالاک دەبێ بۆ سەروی 30 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.

بەشی پێشبینی بەرزترین پلەکانی گەرمای بە پلەی سیلیزی بەم شێوەیە پێشبینی کردووە:

  هەولێر :  13

  سلێمانی : 11

 دهۆک :   10

 زاخۆ  : 11

هەڵەبجە : 14

کەرکوک : 15

سۆران : 8

حاجی ئۆمەران : 2

گەرمیان : 16