رووسیا و چین پڕۆژەبڕیارێکی ئەمەریکایان لەبارەی غەززە ڤیتۆ کرد
K24 - هەولێر:
رووسیا و چین پڕۆژەبڕیارێکی ئەمەریکایان لەبارەی غەززە ڤیتۆ کرد، نوێنەری ئەمەریکاش دەڵێت: ئامانجی یەکەممان راگەیاندنی ئاگربەستە لە غەززە.
ئەمڕۆ هەینی (22ـی ئاداری 2024) ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، سەبارەت بە پڕۆژەبڕیارێکی ئەمەریکا لەبارەی دۆخی غەززە کۆبووەوە.
نوێنەری ئەمەریکا لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، ئامانجی یەکەممان راگەیاندنی ئاگربەستە لە غەززە، هەر لە میانەی کۆبوونەکەدا نوێنەری بەریتانیا ئاشکرایکرد، هیچ کەمتەرخەمییەک بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە ناکەین.
لەلایەکی دیکەوە ڤاسيلی نيبينیزيا، نوێنەری رووسیا گوتی: پڕۆژەبڕیارەکەی ئەمەریکا هەوڵێکە بۆ ئەوەی ئیسرائیل لە سزادان رزگاربکرێت. ئاماژەی بەوەدا، "غەززە دوای شەش مانگ لەناوچوو، نوێنەری ئەمریکاش ئێستا دان بە پێویستی ئاگربەستدا دەنێت، بەڵام پڕۆژەبڕیاری ئەمریکا سەبارەت بە غەززە داوای ئاگربەست ناکات".
نوێنەری رووسیا، گوتیشی: ئەگەر ئەم پڕۆژەبڕیارەی ئەمەریکا پەسەند بکرێت، ئەوا گفتوگۆکردن لەسەر پێگەی غەززە دادەخات و دەستێکی ئازاد دەدات بە ئیسرائیل لەو ناوچەیەدا.
ڤاسیلی لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، رووسیا و چین دەسەڵاتی ڤیتۆی خۆیان لە ئەنجوومەنی ئاسایش لە دژی پڕۆژەبڕیاری ئەمەریکا سەبارەت بە غەززە بەکاردەهێنن.
لەلایەن خۆیەوە گیلاد ئێردان نوێنەری ئیسرائیل لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاند، جێگەی شەرمەزارییە ئەنجوومەنی ئاسایش پڕۆژەبڕیاری ئەمەریکای بۆ سەرکۆنەکردنی حەماس پەسند نەکرد و ئەمە پەڵەیەکە هەرگیز لەیاد ناکرێت.هەروەها دەڵێت: ڤیتۆکردنی ئەو پڕۆژەبڕیارە و پەسندنەکردنی بەهۆی هۆکاری سیاسی بووە
لە رەشنووسی پڕۆژەبڕیاری ئەمەریکا سەبارەت بە غەززە هاتووە؛ بە مەرجی ئازادکردنی دەستگیرکراوانی ئەمریکی کە لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە، ئاگربەست لە غەززە رادەگەیەندرێت.