هەژماری من بە تێچووی کەمتر خزمەتگوزاری زیاتر لە کی کارد پێشکەش بە فەرمانبەران دەکات

پرۆژەی هەژماری من
پرۆژەی هەژماری من

K24 – هەولێر:

پرۆژەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی تەواوی مووچەی فەرمانبەران، پێشکەوتنی زۆری بەخۆیەوە بینیووە، ئامانجییەتی تەواوی مووچەخۆرانی تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ بکاتە خاوەنی هەژمار و کارتی بانکیی، هاوکات بەراورد بە پرۆژەی "کی کارد"ـی حکومەتی عێراق پرۆژەی هەژماری من پێشکەوتووترە.

هەژماری من لە رێگەی پێنج بانکی پێشکەتووی هەرێمی کوردستان و عێراق جێبەجێدەکرێت و هەوڵی زیادکردنی بانکی پەسەندکراوی دیکەش دەدرێت تاوەکو بتواندرێت مووچەخۆران بە ئاسانی دەستیان بە مووچەکانیان بگات و خزمەتگوزاری جۆراجۆر بەدەست بخەن.

بانکە بەشدارەکانی پرۆژەی هەژماری من، ئارتی بانک، بانکی جیهان، بانکی ئیسلامی عێراقی، بانکی بی بی ئەی سی، بانکی ئەهلی عێراق، کە بەتەواوی لە ئاستی نێوخۆی کوردستان و عێراق و جیهانیش چالاکانە لە چوارچێوەی خزمەتگوزارییەکانی بانکی کار دەکەن، بەڵام، پرۆژەی حکومەتی عێراق لە رێگەی هەر یەکە لە بانکەکانی، رەشید، رافیدەین جێبەجێدەکرێت، لەو نێوەندە دیارترینیان بانکی رافیدەینە کە دزی سەدە بە دیارنەمانی 2.5 ملیار دۆلار تێیدا روویدا.

شێوازی وەرگرتنی مووچە، لە پرۆژەی هەژماری من لەرێگەی زیاتر لە 1200 ئامێری 'ئەی تی ئێمـ'ـەوە دەبێت، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی هەیە لە شار و شارۆچکەکانی هەرێم جێگیر بکات، مووچەخۆران دەتوانن بە ئاسانی هەر کاتێک خوازیار بن مووچەکانیان رابکێشن، بەڵام شێوازی پارەوەرگرتن لە پرۆژەکەی عێراق، لە رێگەی دوو بانکەکەی حکومەتی عێراق دەبێت کە ئاستەنگ لەبەردەم مووچەخۆران دروست دەکات بۆ راکێشانی مووچەکانیان.

پرۆژەکەی حکومەتی هەرێم کەمتر لە ساڵێکە دەستیپێکردووە و توانراوە زیاتر لە 20%ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە پrۆژەکە تۆماربکرێت، بەڵام پرۆژەی کی کاردی عێراق هەشت ساڵی خایاندووە.

خزمەتگوزارییەکان لە هەژماری من، فەرمانبەرانی کوردستان دەتوانن لە 19 خزمەتگوزاری بانکی سوودمەند بن بەڵام فەرمانبەران لە پرۆژەکەی حکومەتی عێراق لە خزمەتگوزاری بانکی سوودمەند نابن.

تێچووی راکێشانی پارە لە هەژماری من تەنیا دوو هەزار و 500 دینارە، ئەوەش لەسەر بنەمای رێژەی مووچە نییە بەڵام راکێشانی پارە لە کی کارد، بۆ یەک ملیۆن دینار بە شێوەی کاش تیچووەکەی شەش هەزار دینارە.

هاوکات وەزارەتی دارایی عێراق یەکێک لەو بیانوو و پاساوانەی دەیهێنێتەوە، ئەوەیە کە دەڵێت ئەو بانکانەی لە پرۆژەی هەژماری من، بەشدارن، بانکی ئەهلی و تایبەتن نەک حکومی، بەڵام لەراستیدا ئەمە تەنها پاساوێکی بێبنەمایە چونکە پرۆژەی تەوتینی مووچەی عێراقیش بەهەمان شێوەیە، وەک لە ماڵپەڕەکەیاندا بەڕوونی دیارە، ناوی بانکەکان هەیە کە ژمارەیان 43 بانکە و لە پرۆژەکەی عێراقدا بەشدارن، چەند دانەیەکی کەمیان حکومیین و ئەوانی دیکە بانکی تایبەتن هاوشێوەی بانکەکانی ناو پرۆژەی هەژماری من.

بەشێوەیەکی گشتی لەو 43 بانکە، تەنیا سێ دانەیان لە بانکە حکومییەکانن کە ئەوانیش بانکەکانی رافیدەین، رەشید و بازرگانیی عێراقین، ئەو 40 بانکەی دیکە کە دەمێننەوە سەرجەمیان بانکی تایبەتن.

تەنانەت هەندێک لەو بانکانە هەمان ئەو بانکانەن کە لە پڕۆژەی هەژماری من بەشدارن، بۆ نموونە بانکی جیهان، زیاتر لە نیوەی هەژماری مووچەخۆران لەچوارچێوەی پرۆژەی هەژماری من لەو بانکە تۆمارکراوە، بانکەکە لە پرۆژەکەی حکومەتی عێراقیشدا بەشدارە و سێیەم بانکی تایبەتە کە لەو پرۆژەیەدا بەشداریی کردووە.

ئەمەش دەرخەری ئەو راستیەیە کە وەزارەتی دارایی عێراق بە چەواشەکاری و پاساوی بێبنەما دەیەوێت ئاستەنگ بۆ ناردنی مووچەی هەرێم دروست بکات، ئەگەرنا هیچ کێشەیەک لە پرۆژەی هەژماری مندا نییە و هاوشێوەی پرۆژەی کی کاردی عێراقە و دەکرێت لەو رێگەیەوە مووچە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم بنێردرێت.