وەزارەتی پەروەردە: ماوەی هەر وانەیەک تەنها بۆ مانگی رەمەزان دەکرێتە 30 خولەک

مامۆستا و ژمارەیەک قوتابی لە قوتابخانەی شێخانۆک نوێی ئاکرێ
مامۆستا و ژمارەیەک قوتابی لە قوتابخانەی شێخانۆک نوێی ئاکرێ

K24 - هەولێر

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان تەنها بۆ مانگی رەمەزان ماوەی هەر وانەیەکی کردە 30 خولەک و دەڵێت، پێویستە "بەڕێوەبەری ناوەندەکانی خوێندن ئاسانکاری تەواو بکەن بۆ مامۆستایان".

ئەمڕۆ شەممە، 23-03-2024، د. سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی ناوەندەکانی خوێندن، هەر وانەیەک تەنها (30) خولەک دەبێت".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، پێویستە "بەڕێوەبەری ناوەندەکانی خوێندن ئاسانکاری تەواو بکەن بۆ مامۆستایان، بەتایبەت مامۆستایانی ئافرەت".

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ئەوەشی خستووەتەڕوو، "قوتابخانەکانی ئێواران (مسائي) بەهەمان شێواز 10 خولەک لە هەر وانەیەک  کەمدەبێتەوە و دەسەڵاتی ڕێکخستنی دەوامی ناوەندەکانی خوێندنی ئێواران لە مانگی رەمەزاندا دەدرێتە بەڕێوەبەری ناوەندەکە".