بەشدارانی 'هەژماری من' دۆلاریان بە نرخی فەرمی پێ دەدرێت

K24 – هەولێر:

راگەیاندنی لقی هەلێری بانکی ناوەندیی عێراق ئاشکرای دەکات، ئەو مووچەخۆرانەی خاوەنی هەژماری بانکین لە 'هەژماری من' هاوشێوەی پڕۆژەی (تەوتین) سوودمەند دەبن لە خزمەتگوزارییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق و دۆلاریان بە نرخی فەرمی پێ دەدرێت.

سەرکەوت فایەق، بەرپرسی راگەیاندنی لقی هەلێری بانکی ناوەندیی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی پڕۆژەی (تەوتین)ـی حکومەتی عێراق سوودمەند دەبن لە خزمەتگوزارییەکانی بانکی ناوەندی.

سەرکەوت فایەق گوتیشی: هەڵگرانی کارتی 'هەژماری من' دەتوانن هاوشێوەی پڕۆژەکەی حکومەتی عێراق سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی دۆلار بە نرخی فەرمی، بەشێوەیەک کە ئەگەر بەهای 100 دۆلار لە پڕۆژەی (تەوتین) بە 136 هەزار دینار دەستنیشان بکرێت، بۆ سوودمەندانی پڕۆژەی هەژماری منیش هەمان بەها دەکرێتە پێوەر.

سەبارەت بە بەشداریی بانکەکان لە خستنەڕووی رۆژانەی دۆلار لە بانکی ناوەندی، سەرکەوت فایەق رایدەگەیەنێت؛ زیاتر لە %50ـی ئەو دۆلارە لەرێگەی چوار بانکە کە لە پڕۆژەی هەژماری من بەشدارن.

'هەژماری من' چییە؟

دەستپێشخەرییەکه‌ بۆ بەسەردەمیانەکردن و رێکخستنی شێوازی وەرگرتنی مووچە بۆ فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و پەرەپێدانی ئاسایشی دارایی و دابینکردنی کۆمەڵێک خزمەتگوزاریی داراییە بۆ سوودمەندان.

سوودە سەرەکییەکانی پڕۆژەکە؛ چەندین سوودی جۆراوجۆر پێشکەش بە هاووڵاتییان و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەکات، بە ئاسنکاری لە مامەڵە داراییەکان و سەلامەتی هەژمارە بانکییەکان وەک بنەمای سەرەکی ئەو پرۆژەیە دانراوە.

لە سوودە سەرەکییەکانی دیکە؛ پێدانی مووچەی فەرمانبەران بە شێوەیەکی رێکوپێک و لە کاتی خۆیدا، دەتوانیت پارەی کاش لە هەموو ئامێرێکی (ATM) رابکێشیت، سوودمەندبوون لە ژمارەیەکی زۆر خزمەتگوزاری دارایی، لە سەرانسەری جیهاندا کاری پێدەکرێت بە کڕینی کاڵا یان خزمەتگوزاری و پێدانەکانی دیکە لە رێگەی پارەدانی ئەلیکترۆنی، لە سوودە ئابوورییەکانی پرۆژەی هەژماری من، بەهۆی بەشداریکردنی هاووڵاتییان لە کەرتی بانکیدا هەنگاو بە هەنگاو زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆیی لێدەکەوێتەوە و  دەبێتە هۆی رەخساندنی هەلی کاری زیاتر لە کەرتی بانکیدا و  دابینکردنی ئاسایشی دارایی باشتر.