کۆڕێکی هونەری بۆ هونەرمەند خوسرەوی ماملێ رێکخرا

K24 – هەولێر:

هونەرمەندی ناسراو "خوسرەوی ماملێ" وەک دەنگێکی زوڵاڵی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆڕێکی میوزیک و هونەری لە ساڵۆنی رۆشنبیری زانکۆی جیهان بۆ رێکخرا.

لە کۆڕەکەدا هونەرمەند باسی لە مێژووی سەرهەڵدانی گۆرانی و میوزیکی رەسەنی کوردی کرد و بە وردی باسی لە جۆرەکانی میوزیکی سێگا و ئەرەبێست و کلاسیکی کرد، کە لە رابردوودا چەندین بەرهەمی رەسەن لە سەردەمەکانی هونەرمەندانی وەک "حەسەن زیرەک، ماملێ، سەید عەلی ئەسغەری، تاهیر تۆفیق، عەلی مەردان، سێوە" تۆمار کراون و ئێستاش بە زیندوویی ماونەتەوە و بوونەتە گەنجینەکی دەوڵەمەند لە فەرهەنگ و کولتووری کوردیدا و هونەرمەندانی ئێستاش دەیانەوێت لەسەر ئەم رێچکەیەدا بڕۆن و دووبارە گۆرانیەکانی ئەوان وەک چەند شاکارێکی زیندوو بڵێنەوە.

خوسرەوی ماملێ لە ئاخاوتنێکی کوردستان24ـدا ئاماژەی بۆ رۆڵی هونەرمەندانی رەسەن و شاکارە جوانەکانی نێو هونەری کوردی کرد، کە زۆربەی بەرهەمە کوردییەکان وەرگێڕدراونە سەر زمانەکانی تورکی و فارسی و ئینگلیزی و یۆنانی و عەرەبی، بەڵام بێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەک بۆ رەسەنایەتی ئەو بەرهەمانە بکرێت، کە لە نێو قەدی چیاکانی کوردستاندا هاتوونەتە بەرهەم، بۆیە دەکرێت ئێمەی کورد پارێزگاری لە ئاواز و گۆرانیە فۆلکلۆرییەکانمان بکەین، کە گەنجینەیەکی دەوڵەمەندی کوردین و لە دەشت و کێوەکانی کوردستانەوە پەڕیوونەتەوە وڵاتانی دراوسێ.

لە کۆتایی قسەکانیشدا ماملێ ئاماژەی بۆ رۆڵی ئەو دەزگا رۆشنبیرییەوە کرد، کە توانیوویەتی دەنگ و ئاوازی چوار پارچەی کوردستان لە هەولێردا کۆبکاتەوە و بایەخ بە هونەری رەسەن بدات و زنجیرەیەک کۆنسێرت و پێشانگای هونەری لەم شارە بکاتەوە