ئاوات شێخ جەناب: هەژماری من، پڕۆژەی حکومەتە و هیچ کەس و لایەنێك خاوەنی نییە

وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان
وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئەو بانکانەی لە پڕۆژەی هەژماری من بەشدارن باوەڕپێکراو و عێراقی و نێودەوڵەتین، هاوکات گوتیشی: فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی منداڵانی هەولێر پارەی ماڵەوەش دەخەنە ناو هەژمارە بانکییەکانیان کە بەشێکە لە پڕۆژەی هەژماری من.

ئەمڕۆ شەممە (23ـی ئاداری 2024) ئاوات شێخ جه‌ناب، وه‌زیری دارایی و ئابووریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ دیدارێكی میدیاییدا، لە وەڵامی ژینۆ محەممەد، نێردراوی کوردستان24 رایگەیاند، هەژماری من پڕۆژەیەکە بۆ تەوتینی مووچە، ئەو سیستەمەی ئێمە لەگەڵ هی عێراق جیاوازەیەکەی ئەوەیە هی ئێمە تەوتینە لەگەڵ 19 خزمەتگوزاری، بەڵام هی عێراق ئەو 19 خزمەتگوزارییەی بۆ مووچەخۆرانی تێدا نییە.

وه‌زیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دەڵێت: پڕۆژەی هەژمار من بە رەزامەندی محەممەد شییاع سوودانی و بانکی ناوەندیی عێراق دروستکراوە، هەورەها چەندین بانکی عێراقیش لەو زووانە بەشدار دەبن لە پڕۆژەی هەژماری من.

ئاوات شێخ جه‌ناب، گوتی: لە رێگەی هەژماری من مووچەخۆر دەتوانێت سوودمەند بێت لە خزمەتگوزارییە بانکییەکان و کار ئاسانییەکی زۆریان بۆ دەکات، گرنگترینیشیان مووچەخۆر دەتوانێت لە رێگەی هەژماری من پێشینەکانی خانوبەرە و هاوسەرگیریی وەربگرێت.

وه‌زیری دارایی و ئابووریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، باسی لەوەکرد، ئەگەر هاووڵاتییان و مووچەخۆران بەردەوام بن لە تۆمارکردنی ناویان لە پڕۆژەی هەژماری من، تا سەری ساڵ بە دڵنیاییەوە ئابووری ئەم وڵاتە بە رێژەی 10 بەرامبەر دەچێتە پێشەوە، چونکە گەورەترین کێشەی ئێمە کێشەی کاشە.

ئاوات شێخ جه‌ناب، سەرنجی خستە سەر ئەوەش، ئەگەر لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوو بەغدا کێشەی پاشکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر نەکات، ئەوا دەتوانین لە رێگەی پڕۆژەی هەژماری من چارەسەری بکەین، هەروەها هەرێمی كوردستان له‌میانی هه‌ژماری مندا تا پێنج ساڵی داهاتوو ده‌توانێت هه‌نگاوی زۆر گه‌وره‌ و پێشكه‌وتوو بنێت.

ناوبراو گوتیشی: "با بە چاوی حزبایەتی سەیری پڕۆژەی هەژماری من نەکرێت، هەژماری من نە سەوزە، نە زەردە، نە نیلییە، بەڵکو پڕۆژەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.

وه‌زیری دارایی و ئابووریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، ئەو بانکانەی لە پڕۆژەی هەژماری من بەشدارن باوەڕپێکراو و عێراقی و نێودەوڵەتین، هەروەها فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی منداڵانی هەولێر پارەی ماڵەوەش دەخەنە ناو هەژمارە بانکییەکەیان کە بەشێکە لە پڕۆژەی هەژماری من.