میلیشیاکانی عێراق بانگەشەی هێرشکردنە سەر وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل دەکەن

وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل
وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل

K24 – هەولێر

گرووپە میلیشیاکانی عێراق کە خۆیان بە بەرەی مقاوەمەی ئیسلامیی ناساندووە، لە ڕاگەیەندراوێکدا بانگەشەی ئەوەی دەکەن کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە (24ی ئایاری 2024) بە درۆن هێڕشیان کردووەتە سەر باڵەخانەی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ، بەڵام وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل هیچ راگەیەندراوێکی لەو بارەوە بڵاونەکردووەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، گرووپە میلیشیاکان هەڕەشەی بەردەوامبوونی هێرشەکانیان بۆ سەر دامەزراوە و بنکەکانی ئیسرائیل دەکەنەوە و ڕاشیانگەیاندووە، قۆناغی دووەمی چالاکییەکانیان بۆ وێرانکردنی بنکەکانی داگیرکاران دەستپێکردووە و بە درێژایی مانگی ڕەمەزان هێرشەکانیان چڕتر دەکەنەوە.

لە دوای ئۆپەراسیۆنی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە 17ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، گرووپە میلیشیاکانی عێراق و چەکدارە حووسییەکانی یەمەن لە ناوچەکەدا هێرشەکانیان بە ناوی پشتیوانیی لە خەڵکی غەززە و بزووتنەوەی حەماس دەستپێکردووە، سەرەتا گرووپە میلیشیاکانی عێراق هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا بوو، بەڵام دوای هێرشە درۆنییەکەی ئەمەریکا لە سەرەتای ئەم ساڵ، کە سەرکردەیەکی گرووپی نوجەبای بە ناوی موشتاق تاڵیب ئەلسەیدی ناسراو بە ئەبو تەقوا لە بەغدا کردە ئامانج، کە هاوکات فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی لیوای 12ی حەشدی شەعبی بوو، گرووپە ملیشیاکان لە ژێر فشاری ئێران دەستیان لە هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمەریکا هەڵگرت.

هەروەها پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتیی ڕۆژهەڵاتی نزیک بڵاویکردووەتەوە، بە گوێرەی بەڵگەنامەکان فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران ڕۆڵێکی کارا و کاریگەریی هەیە لە ڕێکخستنی هێرشەکانی گرووپە میلیشیاکانی عێراق کە خۆیان بە بەرەی موقاوەمە ناساندووە.