لەهێرشێکی داعشدا 11 کەس لە ڕەقە کوژران

K24 - هەولێر

ڕوانگەی سووریی بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە، لە ئەنجامی هێرشێکی داعشدا لە بیابانی ڕەقە، 11 کەس کوژران کە خەریکی هەڵگرتنەوەی دۆمبەڵان بوون.

ڕوانگەی سووریی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "لە ئەنجامی تەقینەوەی مینێک بە  ئۆتۆمبێلێکدا ژمارەیەک هاووڵاتی کوژران، کە بەدوای دۆمبەڵاندا دەگەڕان، لە بیابانی حمی لە ڕەقە."

ڕوانگە ئاماژەی بەوەش کرد، "دوای تەقینەوەی مینەکە، چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر ژمارەیەک ئۆتۆمبێل کە بەدوای دۆمبەڵاندا دەگەڕان. هەروەها لە هێرشەکەدا سێ کەسیش ڕفێندراون.

سەرەڕای مەترسی و هۆشدارییەکانی بەرپرسانی ئەمنی، سەدان کەسی مەدەنی و سەربازیی سووری، چونکە دۆخی ئابوورییان زۆر سەختە،  دۆمبەڵان لە ناوچە بیابانییەکان کۆدەکەنەوە، بە نرخێکی گران دەیفرۆشن .

ڕۆژی یەکشەممە، 17-3-2024، روانگەی سووریی بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە، لە ناوچەی ڕەجم ئەلعەجووز لە باشووری ڕەققە، مینێک بە ژمارەیەک هاووڵاتییدا تەقیوەتەوە کە سەرقاڵی کۆکردنەوەی دۆمبەڵان بوون، لە ئەنجامدا 19 کەس کوژراون و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.