ڕەققە..لە ئەنجامی تەقینەوەی مینێک 19 کەس کوژران

K24 – هەولێر

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردووەتەوە، لە ناوچەی ڕەجم ئەلعەجووز لە باشووری ڕەققە، مینێک بە ژمارەیەک هاووڵاتییدا تەقیوەتەوە کە سەرقاڵی کۆکردنەوەی دۆمەڵان بوون، بەهۆیەوە 19 کەس کوژراون و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.

بەگوێرەی زانیارییەکانی روانگە، تەواوی قوربانییەکان خەڵکی گوندی شێریدانن و پێشتر دانیشتوانی گوندەکە ئاگادار کرابوونەوە بۆ کۆکردنەوەی دۆمەڵان نەچنە ئەو ناوچە، چونکە پێشتر لە ژێر دەستی داعش بووە و ئێستا بە نزیکەی پێنج کیلۆمەتر سوپای رژێمی سووریا لەو دەشتاییە جێگیر بووە، بەڵام گومان دەکرێت ئەو مینەی بەو هاووڵاتییانە تەقیوەتەوە بۆ سەردەمی چەکدارانی داعش بگەڕێتەوە.

روانگەی سووری ئاماژەی داوە، لە نێو کوژراوەکاندا 12یان ئافرەتن و بەهۆی قورسی برینی بەشێک لە بریندارەکان ئەگەر زیادبوونی ژمارەی کوژراوەکان دەکرێت.

لە سەرەتای ئەم ساڵ لەوەتەی وەرزی پێگەیشتنی دۆمەڵانە، ئەمە چوارمین رووداوی تەقینەوەیە کە گوندنشینان دەبنە قوربانیی و بەهۆیانەوە 77 کەس لە سەرانسەری سووریا گیانیان لە دەست داوە.

بەشێکی زۆری خەڵکی گوند و ئاواییەکانی سووریا بە هۆی بێکاریی و قەیرانی داراییەوە لەو کاتانەی ساڵدا بۆ کۆکردنەوەی دۆمەڵان دەچنە دەشتیاییەکان بۆ ئەوەی لە رێگەی کۆکردنەوەی دۆمەڵا و فرۆشتنەوەی بژێویان پەیدا بکەن کە بەشێکی زۆری ئەو بەرهەمە ئاودیوی بازاڕەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەکرێت.