شاندێکی حکوومەت بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە پاریسە

K24 - هەولێر

شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانیی و بانکییەکانی هەولێر و پاریس، لە فەرەنسایە و بڕیارە لەگەڵ ڕاوێژکاری باڵای ئیمانویڵ ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا کۆببێتەوە.

پەیامنێری کوردستان24 لە پاریس ڕایگەیاند، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە پاریسن و یەکەم دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی گەورە شارەوانیی پاریس دەبێت، دواتریش کۆبوونەوەیان لەگەڵ ژووری بازرگانیی و کۆمپانیاکانی فەرەنسا دەبێت، بە ئامانجی هێنانی وەبەرهێنەرانی فەرەنسی بۆ هەرێمی کوردستان.

هەروەها بڕیارە ئەمڕۆ لەگەڵ ڕاوێژکاری باڵای ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کۆببنەوە، ئامانجی سەردانەکەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ فەرەنسا، بەهێزکردنی پەیوەندییە بانکیی و کشتوکاڵییەکانە، ئەمەش لە کاتێکدا کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، بایەخێکی زۆری بە کەرتی کشتوکاڵیی هەرێمی کوردستان وەک هاندرێک بۆ ساغکردنەوەی بەروبوومی جووتیاران، بەرهەمی کشوکاڵیی خۆماڵی لە بازاڕە دەرەکییەکاندا خستەڕوو لە نێویاندا هەنار، سێو، پەتاتە، برنج و چەندین بەرهەمی دیکە.

هەروەها لە کەرتی بانکیدا، پرۆژەی هەژماری منی ڕاگەیاند و  تاوەکوو ئێستاش پرۆسەکە بەردەوامە و بڕیارە تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەو سیستەمە تۆمار بکرێن و تا وەکوو ئێستە زیاتر لە 220 هەزار مووچەخۆر لە هەژماری من تۆمار کراون.