وەڵامێک بۆ ئەوانەی خیانەت و خۆفرۆشی لە خوێنیاندایە

Kurd24

ئەگەر ئەم چەند ساڵە شاهێدی خراپترین جۆری خیانەت و خۆفرۆشی و نیشتمانفرۆشی و خزمەتكردن بە دوژمن و دژایەتی كردنی قەوارەی خۆیی و ئازادیی و ماف و دەسكەوتەكانی میللەت نەبوینایە لەلایەن هەندێك حیزب و لایەن و دەیان و سەدان پەرلەمانتار و بەرپرس و چالاكوان و خەڵكانی جۆراوجۆری دیكە، ئەوا ڕێم بەخۆم نەدەدا ئەم چەند دێڕە بنووسم و ئەم دەستەواژانە بەكار بهێنم، بەڵام چونكە خیانەت و خۆفرۆشی و چاوساغی كردن بۆ دەسەڵاتدارانی دوژمن بە كوردی بەغدا لەلایەن ئەو حیزب و لایەن و پەرلەمانتارو كەسانەوە هەموو سنوورێكی بەزاندووە، مرۆڤ ناچار دەبێت بەم زمانە بێتە گۆ و هەڵوێست بنوێنێت ...

من ئەزانم  پاشخانی جاشایەتی و هەراج کردنی نیشتمان لای ئەمانە مێژوویەکی درێژو رەشی هەیە، لە هەر قۆناغێک و وێستگەیەك دا، کە هەستیان بە شکستە حیزبیی و کەسیەکانیان کردبێت ئیتر بێ سڵەمینەوە چونەتە پاڵ دوژمن و نەیارانی كورد و بە خواست و ویستی دوژمن خزمەتیان كردوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە چونکە ئەوانە تاكە ئامانج و تاكە كێشەیان دەسکەتی حیزبی و کەسیە، لەوە بترازێت خاوەنی بیروباوەڕ و ئایدیای نیشتمانی و نەتەوەیی و تەنانەت چینایەتیش نین، خاوەنی ستراتیژو قەزیە نین، خاك و نەتەوە و نیشتمان و بەها باڵاكانی نەتەوەو نیشتمان لای ئەوان یەك فلس ناكات، كەچی سەرەڕای ئەوەش  هێندە روقایم و بێشەرمن بە نووسین و وتارو دیدارە عەوام فریودەرەكانیان خۆیان کردووەتە فریادڕەسی میلەت و داكۆكیكار لە بەرژەوەندی خەڵك، لە کاتێكدا هەمووان دەزانن  بەشێكی گەورەی هۆكاری ئەم بارودۆخەی ئێستا لە هەرێمدا دروست بووە، هۆكارەكەی بۆ ئەوان دەگەڕێتەوە، چونكە ئەگەر هەر لەسەرەتاوە ئەمانە سەنگەری دژی میللەتی خۆیان هەڵنەبژاردایە و سەنگەری دوژمنیان بەهێز نەكردایە و ئاویان نەكردایەتە ئاشی بەغداوە و لە سەنگەری میللەت و هەرێمی خۆیاندا بونایە هەرێم زۆر بەهێز و بە ئیرادەوە بەرانبەر بەغدا دەوەستاو دەیتوانی بەغدا ملكەچی ماف و داواكارییەكانی بكات و ئەم قەیرانە رووی نەدەدا...

خۆفرۆشی ئەمانە گەیشتۆتە ئاستێك كە هەرێمی كوردستان هەر داواكاریەك ئاراستەی بەغدا بكات ئەمان پێش بەغدا وەڵام ئەدەنەوە، هەرێم هەر رەخنەو گلەیی و تانە دانێك ئاراستەی بەغدا بكات ئەمانە بێ شەرمانە وەڵام ئەدەنەوە و ئەكەونە بەرگریكردن لە بەغداو سەركۆنەكردنی هەرێم.

هەرێم هەر پلانێك یان بەرنامەیەكی هەبێت ئەم جاشانە بە راپۆرت و پەیوەندی ژێر بەژێر و لەسەر شاشەی تیڤیەكان ئاشكرای دەكەن و بەغدا تێدەگەیەنن كە هەرێم نیازی چی هەیە ، ئەم جۆرە خۆفرۆشیە بەو روو قایمیە هەرگیز لە مێژوودا وێنەی نەبووە، مێژوو باسی جاش و خۆفرۆشی زۆری بۆ كردووین، بەڵام هەرگیز باسی ئەو جۆرە لە جاش و خۆفرۆشی بۆ نەكردووین كە بە رووقایمییەوە لەسەر شاشەی تیڤییەكان و بە ناوی بەرگریكردن لە میللەت بیفرۆشنەوە بە میللەتەكە ...

من دڵنیام رۆژێك دێت نەوەكانی داهاتوو لە تۆماری كتێبەكان و فیلم و دراماكاندا هەموو ئەم خیانەت و خۆفرۆشیانە دەبینن و دەخوێننەوەو تف و نەعلەتیان بۆ ئەنێرن وەك چۆن ئێمە بۆ مەلای خەتێكان و حەسەن خەیرییەكانی ئەنێرین ...