بڵاوکردنەوەی وێنە بە جلوبەرگی سەربازی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان قەدەغە دەکرێت

بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی ھەرێم لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەفسەر و پۆلیس
بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی ھەرێم لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەفسەر و پۆلیس

K24 - هەولێر

لەسەر فەرمانی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە مەودوا ئەفسەران و کارمەندانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، نابێت بە جلوبەرگی سەربازییەوە، ڤیدیۆ لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوبکەنەوە.

رۆژی سێشەممە (26ـی ئاداری 2024) لیوا تاریق ئەحمەد ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بە فەرمانێکی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ کردووە کە دەبێت گشت ئەفسەران و کارمەندانی پۆلیس پێوەی پابەند بن، کە نابێت بە جلوبەرگی سەربازییەوە، ڤیدیۆ لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوبکەنەوە.

لەبارەی هۆکاری ئەو فەرمانە، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێم روونیکردووەتەوە: "لەپێناو پاراستنی شکۆی ئەفسەر و کارمەندانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە بەرپرسن لە پاراستنی سەروگیانی هاووڵاتییان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری گشتی، قەدەغەیە بە جلوبەرگی سەربازییەوە بۆ هیچ مەبەستێك جگە لە ئەرکی فەرمی، ڤیدیۆ لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوبکەنەوە".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئەگەر ئەفسەر و کارمەندانی پۆلیس بەشداری هەر چالاکییەک بکەن کە پێویست بێت جلوبەرگی فەرمی سەربازی لە دەرەوەی کاتی دەوامی خۆیان لەبەر بکەن، ئەگەر ئەو چالاکییەش لە هەر کەناڵێکی میدیایی یان تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوبکرێتەوە، ئەوا پێویستە پێشتر رەزامەندی سەرووی خۆیان وەربگرن.

هەروەها لە فەرمانەکەی وەزیری ناوخۆ جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە: بە پێچەوانەوە بۆ هەر مەبەستێکی دیکە، هەر کەسێك جلوبەرگی فەرمی سەربازی لەبەر بکات و لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان خۆی نمایش بکات، لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت.