سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: بەیەکەوە وەک گەلێک دەتوانین بەسەر هەموو ئاستەنگ و ئاڵنگارییەک زاڵ بین

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تایبەتە بە بەشداریکردنی لە ئێوارەخوانێکی بەربانگ لەگەڵ هاووڵاتییان لە یەکێک لە مزگەوتەکانی شاری هەولێر و نووسیویەتی: سوپاس بۆ خۆڕاگریتان کوردستانییانی ئازیز.

رۆژی سێشەممە (26ـی ئاداری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە: "هەمیشە ئێمە بەیەکەوە وەک گەلێک دەتوانین بەسەر هەموو ئاستەنگ و ئاڵنگارییەک زاڵ بین کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە".

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا دەڵێت: سوپاسێكی بێپایانی خەڵكی كوردستان دەكەم بۆ خۆڕاگری و پشوودرێژییان، بۆ پشتیوانی و متمانەیان بە ئێمە و بە حكومەتەكەی خۆیان.

هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی باسی لەوەکردووە: "ئێمە تۆزێك بە مێژووی خۆماندا بچینەوە دەبینین كە دروستبوونی هەرێمی كوردستان بەم شێوازەی كە هەیە، كەس خێری پێ نەكردووین، ئەمە بەرهەمی خوێنی شەهیدەكانمانە، بەرهەمی خەباتی خەڵكی ئێمەیە، ئێوە هەمووتان لە دروستكردنی ئەم ئەزموون و ئەم هەرێمە بەشدار بوون. ئێمە دەستوورێكمان هەیە كە لە دەستووردا مافی هەرێمی كوردستان و ئەركەكانیشمان دیاریكراوە".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوایەکی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکان کرد و دەڵێت: لێرەدا من داوایەكی برایانەم لە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان هەیە كە هەموویان واز لە بەرژەوەندیی شەخسی و حزبیی خۆیان بێنن، واز لەوە بێنن كە پێیانوابێت لایەنێك سوودمەند بێ بەسەر لایەنێكی تر ئەمە دەستكەوتە، بەهیچ جۆرێك ئەمە دەستكەوت نییە. ئێمە ئەو وەختە دەتوانین دەستكەوتمان هەبێت كە خزمەتی هەموو خەڵكی كوردستان بكەین بەبێ جیاوازی. ئەو وەختە دەتوانین دەستكەوتمان هەبێت كە ئێمە بتوانین پارێزگاری لە مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان بكەین. ئەو وەختە دەتوانین دەستكەوتمان هەبێت كە برایەتیی بەینی هەموو پێكهاتە و نەتەوەكان لە كوردستان و عێراقدا بپارێزین.