فابریس بلانش: سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بۆ فەرەنسا گرنگە

فابریس بلانش، نووسەر و ئەکادیمیستی فەرەنسی
فابریس بلانش، نووسەر و ئەکادیمیستی فەرەنسی

K24 – هەولێر:

ئەکادیمیستێکی فەرەنسی، ئاماژە بەوە دەکات، فەرەنسا نیگەرانە لەو کێشانەی کە لەلایەن عێراقە بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت، هەروەها نابێت عێراق بە گوێرەی خواستی خۆی بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان مامەڵە بکات.

فابریس بلانش، نووسەر و ئەکادیمیستی فەرەنسی لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 رایگەیاند، فەرەنسا پابەندی سەقامگیری هەرێمی کوردستانە، هەروەها هاوپەیمانێکی زۆر باشە بۆ هەرێمی کوردستانە هەر لە 1991ـەوە تا ئێستا.

ئەو ئەکادیمیستە فەرەنسییە دەڵێت: فەرەنسا نیگەرانە لەو کێشانەی کە لەلایەن عێراقە بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت، فەرەنسا دەیەوێت رێککەوتنێکی زۆر باش و کۆنکرێتی هەبێت لە نێوان هەولێر بەغدا لەسەر سەرجەم پرسەکان، هاوکات دەبێت بەغدا رێز لە رێککەوتنەکان بگرێت، نابێت بەغدا بە گوێرەی خواستی خۆی بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان مامەڵە بکات.

فابریس بلانش، ئاماژەی بەوەدا، نابێت بەغدا دەستوەردان لە سیستەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات، دەبێت هەردوولایان رێککبکەون.

ئەو ئەکادیمیستە فەرەنسییە، گوتی: خواستی حکومەتی ناوەند ئەوەیە عێراق ببێتەوە وڵاتێکی ناوەندگەرە، لە ئۆتۆنۆمی پەشیمان بێتەوە، هەروەها حکومەتی ناوەند بە توانای جیاواز هەوڵدەدات لە رێگەی جیاوازەوە هێز دژی هەرێمی کوردستان بەکار بهێنێت، بە تایبەت لە رێگەی گرووپە چەکدارەکانەوە، لە ئێستاشدا ئابووری هەرێمی کوردستانیان بە ئامانج کردووە، مووچەی مووچەخۆران بە ئامانج کراوە لە ساڵی 2014ـەوە ئەم یارییە دەستی پێکردووە.

گوتیشی: "ئێمە ئاگەداری قارەمانێتی کوردین کە چۆن داعشیان تێکشکاند، کورد لە بەرەی پێشەوەی شەڕی دژی تیرۆرستان بووە، هاوپەیمانن پابەندن بە ئەرکی خۆیان لە عێراق و بەردەوامن لە ناردنی هاووكارییەکان بۆ پێشمەرگە".

جەختی لەوەشکردەوە، دەبێت بەغدا ئاگاداربێت کە هێشتا داعش هەڕەشەیە، بەڵام گرنگی پێنادات چونکە ئەجێندای ئێران دەیانەوێت لەم کاتەدا هێزە بیانییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان نەمێنن.

فابریس بلانش، سەرنجی بۆ ئەوەش راکیشا، "راستە فەرەنسا دۆستی دێرینی کوردە لە هەموو بارودۆخێک لەگەڵیدا دەبێت، بەڵام دەبێت کورد زۆر ئاگادار و وریا بێت، هەروەها کورد خۆی قسەیەکی جوانی هەیە کە دەڵێت تەنیا چیاکان دۆستی راستەقینەی کوردن".