گوتەبێژی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کارەکانی جۆو بایدن بە "مێژوویی" وەسف دەکات

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا

K24 - هەولێر

کارین ژان پیار، گوتەبێژی سەرۆکایەتی ئەمەریکا رایگەیاند، کار و کردەوەکانی جۆو بایدن لە کاتی پۆستی سەرۆکی دەوڵەتدا مێژووییە.

پێشکەشکارێکی ڕادیۆیی WBT لە چاوپێکەوتنێکدا، لە وەڵامی پرسیارێکیدا لەگەڵ گوتەبێژی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کە ئایا بایدن تووشی نەخۆشی بیرچوونەوە بووە؟ لە وەڵامدا ئەو گوتەبێژە گوتی: "باوەڕ ناکەم ئەو پرسیارەم لێبکەیت، پرسیارەکە زۆر سوکایەتییە".

ئەو گوتەبێژە ئاماژەی بەوەشکرد و گوتی، با ڕوونبم لەگەڵت، لە چەند ساڵی ڕابردوودا پزیشکی سەرۆک زانیاری بەرفراوانی سەبارەت بە تەندروستی سەرۆک داوە، سەرۆکیش هەمیشە سەرنجی لەسەر گەلی ئەمەریکا بووە. جگە لەوەش کار و کردەوەکانی لە کاتی پۆستی سەرۆکی دەوڵەتدا مێژوویی بووە.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لە 8ـی شوباتدا، ڕۆبەرت هۆر، داواکاری گشتی تایبەتی ئەمەریکا، دوای لێکۆڵینەوەکان، بڕیاریدا بایدن تۆمەتبار نەکات بە هەڵە مامەڵەکردن لەگەڵ بەڵگەنامە نهێنییەکان، سەرەڕای ئەوەی بەڵگە هەبوون کە سەرۆک بە ئەنقەست ئەو بەڵگەنامانەی هێشتووەتەوە.

ڕاپۆرتی ڕاوێژکاری تایبەت ئاماژەی بەوە شکردووە، بایدن کە تەمەنی 81 ساڵە، "لە کاتی گفتوگۆکانیدا کێشەی بیرەوەریی هەبووە و نەیتوانیوە بەروارە گرنگەکانی ژیاننامە و کارەکانی بەبیربهێنێتەوە".

هەروەها بایدن زۆرجار لە وتارە گشتیەکانیدا هەڵەی زارەکی جۆراوجۆری زمان دەکات.