هۆک: ئێران چێژ لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا وەردەگرێت

"سیاسەتی ئیدارەی بایدن درێژکراوەی سیاسەتی ئیدارەی ئۆبامایە"
وێنەیەکی تێکەڵاو لە ئاڵای ئێران (راست) و ئەمەریکا (چەپ)
وێنەیەکی تێکەڵاو لە ئاڵای ئێران (راست) و ئەمەریکا (چەپ)

K24 - هەولێر

نێردەی پێشووتری ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران رایدەگەیەنێت، ئەمەریکا وەکو پێویست وەڵامی هێرش و هەژموونی ئێران و میلیشیاکان لە عێراق و ناوچەکە نەداوەتەوە. دەشڵێت، "سیاسەتی ئیدارەی بایدن درێژکراوەی سیاسەتی ئیدارەی ئۆبامایە".

برایان هۆک، نێردەی پێشووتری ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "شەرقولئەوسەوت" رایگەیاند، "ئەمەریکا شکستی هێناوە لە پاراستنی هێزەکانی لە ناوچەکەدا" و ئاماژەی بەوە کردووە، "لە سەردەمی ئیدارەی بایدن زیاتر لە 200 هێرش کراوەتە سەر ئەمەریکا. تەنیا لە مانگی نۆڤێمبەرەوە 170 هێرش کراوەتە سەر ئەو هێزانە، بەڵام ئەمەریکا تەنیا 11 جار وەڵامی ئەو هێرشانەی داوەتەوە". وەکو خۆی دەڵێت، "ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەمەریکا هاوسەنگی سیاسی خۆی بەرامبەر رژێمی ئێران لە ناوچەکە لەدەستداوە".

بە گوتەی هۆک، "کاتێک میلیشیاکان هێرشیان کردە سەر بنکەی ئەمەریکا لە ئوردن، زۆرینەی کۆنگرێس پێیان وابوو دەبێت راستەوخۆ ۆ ئێران بە بەرپرسیاری هێرشەکە بزاندرێت و، راستەوخۆ وەڵامی سەربازی ئێران بدرێتەوە".

هۆک ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا راگەیەندراوێکی گشتیمان دەرکرد رێگەمان گرت لە سیاسەتی" ئینکاری کردن"ی ئێران بەرامبەر میلیشیا و بریکارەکانیی، هاوکێشەکە بریتی بوو لەوەی، هەر میلیشیایەک هێرش بکاتە سەر ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی، ئەمەریکا بەرپرسیاریەتی دەخستە ئەستۆی ئێران، چونکە ئێران پشتیوانی دارایی و چەک بۆ ئەو میلیشیایانە دابین دەکات و راهێنانیان پی دەکات، بەڵام رژێمی ئێران ئێستا چێژ لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا وەردەگرێت، چونکە ئەمەریکا هێزی پاراستنی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدەستداوە".

ئیدارەی ئێستەی ئەمەریکا، وەکو ئەوەی هۆک روونیکردووەتەوە، "سەرنجی ئێستای ئیدارەی بایدن لەسەر گفتوگۆکردنە لەگەڵ ئێران لە عومان و ڤیەننا و، ئێران خوازیاری سیاسەتێکی لەم شێوەیەیە". هەروەها رەخنە لە ئیدارەی بایدن دەگرێت کە رێگەپێدانی بۆ سەرمایەی زیاتر لە 100 ملیار دۆلار بەڕووی ئێراندا کردووەتەوە، لە کاتێکدا ئێران ئەم پارانەی لە ماوەی رابردوودا لە پشتیوانیکردنی گرووپ و میلیشیاکان لە عێراق و سووریا و یەمەن ولوبنان خەرجکردووە.

نێردەی پێشووتری ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران دەڵێت: "سیاسەتی هەڵەی ئیدارەی بایدن درێژکراوەی سیاسەتی ئیدارەی باراک ئۆبامایە، کاتێک باراک ئۆباما پشتی لە هاوپەیمانەکانی لەناوچەکە کرد و، ناوچەکەی جێهێشت پاشان داعش و ئێران هاتن ئەو بۆشاییەیان پڕکردەوە کە ئێمە لە نێوان خۆمان و دۆستەکانمان دروستمان کردبوو. ئەوە ئەو بڵێسانەن کە خۆمان هەڵمانگیرساندوون بە دروستکردنی بۆشایی لە نێوان ئەمەریکا و هاوپەیمانانیی لە ناوچەکەدا".