دەزگای خێرخوازی بارزانی دەرمانی پێشکەشی تەندروستی هەولێر کرد

کۆنفڕانسی رۆژنامەوانی
کۆنفڕانسی رۆژنامەوانی

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر رایگەیاند، دەزگای خێرخوازی بارزانی و ڕێکخراوی مەینی نەرویجی بەردەوام پاڵپشتی دەرمان و پێداویستی کەرتی تەندروستییان کردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ـی ئاداری 2024، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا، د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر رایگەیاند، نەخۆشییەکانی شەکرەی جۆری دوو لە سەرانسەری جیهان ژمارەکانیان بەرەو زیاد بوون دەڕوات، لە سنووری هەولێریش ژمارەیەکی زۆر تۆمار کراوە، لە سەنتەرەکانی نەخۆشی شەکرە لە شاری هەولێر کە بەردەوام پێویستییان بە چارەسەر دەبێت.

بەگوتەی ئەو، "ئەو ئەو دەرمانەی ئەمڕۆ دابینکراوە، کە زۆربەی زۆری پزیشکەکان پشتی پێدەبەستن بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشانی جۆری شەکرەی دوو، لە جۆری چارەسەرەکە و بەردەوامبوونی چارەسەرییەکان و کەمکردنەوەی ماکەکان ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە."

دلۆڤان محەممەد گوتیشی: "ئێمە دەستخۆشی لە دەزگای خێرخوازی بارزانی و ڕێکخراوی مەینی نەرویجی دەکەین کە لە ماوەکانی ڕابردووشدا، لەچەند بابەتی دیکەش هاوکاری کەرتی تەندروستی بوون، بەتایبەت لەماوەی ڕابردوو کەوا چەندین ئامێری بیستن بۆ منداڵانی کەمبیستن یاخود ڕێژەی بیستنیان کەمە بۆ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی گشتی هەولێر دابین کردووە."

لای خۆیەوە موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە کۆنفڕانسەکەدا رایگەیاند، سوپاسی ڕێکخراوی مەینی نەرویجی دەکەین، کە هاوبەشێکی کارا و کاریگەری دەزگای خێرخوازی بارزانییە لەبواری تەندروستیدا.

موسا ئەحمەد دەڵێت: "بێگومان ئەو هاوکارییە تەندروستییانەی کە دەدرێت بە دەزگای خێرخوازی بارزانی، ئێمەش لە ڕێگای وەزارەتی تەندروستییەوە پێشکەش بەو نەخۆشخانە و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییانە دەکرێت. بەپێی ئەولەوییات لە چ شوێنێک زیاترە ئەرکی ئێمەش ئەوەیە تەرکیز لەو شوێنە بکەین."

راشیگەیاند، لە بواری تەندروستی لەو ماوەدا کە پاڵپشتی کرابێت، بە پاڵپشتی کۆمەڵێک ڕێکخراو بووە، بەڵام کە لەناویاندا کاریگەرتر ودیارترینیان رێکخراوی مەینی نەرویجی بووە،  کەتوانیویانە بەردەوام کۆمەڵێک دەرمان و پێداویستی تایبەت بە نەخۆشخانەکان دبین بکرێت.